Home | News | Biography | Publications | Research | Gallery | Audio/Visual | Links |
چاوپێکه‌وتن حه‌مه کاکه ره‌ش، ئه‌نفال، 2008 کوردستانی نوێ، 4304، 26/6/2007
وتار بۆسنه دوانزهمههین ساڵیادی جینۆساید ده‌کاته‌وه، ئاوێنه کوشتنی ناموسپه‌رستیی، ئاوێنه مه‌رگی دۆعا چیمان پێ ده‌ڵێت؟ ئاوێنه خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ (پێنهلۆپه ده‌چێ بۆ جه‌نگ)ی ئۆریانا فالاچی، مه‌ڵبه‌ند
چیرۆک |
کوشتنی ناموسپه‌رستیی: کۆمه‌ڵگای باوکسالاریی، ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت ئاوێنه، 2007 ئیستێک له‌سه‌ر سه‌ره‌تاکانی چه‌وسانه‌وه‌ی ئافره‌ت: کوشتن به ناوی نامووسه‌وه نه‌ریتێكی خێڵه‌کیه که ره‌گوریشه‌ی له سیسته‌می باوکسالاری‌دا هه‌یه. هه‌ندێک ئه‌نترۆپۆلۆژ پێیان وایه که سیسته‌می باوکسالاریی له‌گه‌ڵ سیسته‌می موڵکایه‌تیدا به‌دنیا هات، واته کاتێک پیاو بۆ مانه‌وه‌ی خۆی پێویستی به‌وه‌بوو که پارچه زه‌ویه‌ک بکاته هی خۆی و بیكێڵێ ژنیش بوو به یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که بووه موڵکی پیاو و لێره‌وه ئازادی و مافه‌کانی ژن زه‌وتکرا. دواتر پیاو له‌ڕیگه‌ی کۆمه‌ڵێك نۆرم و یاساوه تا ده‌هات زیاتر جه‌سته‌و جموجۆڵ و ئازادیه‌کانی ژنی کۆنترۆڵکرد. له سیسته‌می باوکسالاری‌دا ئه‌وه پیاوه که بڕیارده‌دات له‌سه‌ر ئه‌و به‌هاو نه‌ریتانه‌ی که پێویسته له کۆمه‌ڵگادا چاودێریی بکرێن. پیاوان بڕیار له‌سه‌ر راست و هه‌ڵه‌کان ده‌ده‌ن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چ ره‌فتارێک دروسته و چ رهفتارێکیش تاوانه و ده‌بێت سزای له‌دوا بێت. زۆربه‌ی نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگای باوکسالاریش به قازانجی پیاون. بۆ نموونه، له کۆمه‌ڵگای خێڵه‌کیدا له کوردستان نه‌ریته باوه‌کانی وه‌ک به‌زۆر کچ به‌شوودان، ژن به ژن، شیربایی، فره ژنیی، گه‌وره به بچووک، هتد، کۆمه‌ڵێک نۆرمن که له خزمه‌تی پیاودان و وه‌ک کاڵایه‌ک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژن‌دا ده‌که‌ن. سیسته‌می دادگاش له‌سه‌ره‌تادا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه دامه‌زراو ویستی پیاوان بهرهوپێشدهبرد. یاسای کوشتن به‌ناوی نامووسه‌وه که تا ساڵی 2002 له کوردستاندا کاری پێده‌کرا نموونه‌ی ئه‌و یاسایانه‌یه که پیاو بۆ زیادکردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و کۆنترۆڵکردنی ژن به‌کاریهێناوه. ئاینیش یه‌کێکی تر له‌و ئامرازانه‌یه که زاده‌ی باوکسالاریه. پیاو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئافره‌تان و جیهانی ده‌ورووبه‌ر نه‌ک هه‌ر گه‌ڕایه‌وه بۆ عه‌قڵ و هۆشی خۆی به‌ڵكوو په‌نای بۆ هێزێکی سه‌روو خۆی برد که ئه‌ویش خوای خوڵقێنه‌ره که هه‌موو شتێک ده‌زانێت. بێگومان ژنان ده‌توانن ئاسانتر به‌دبین بن به‌رامبه‌ر به‌و یاسایانه‌ی پیاو دایناوه به‌ڵام کاتێک باوه‌ر به‌وه ده‌هێنن که یاسایه‌ک له‌سه‌ره‌وه هاتوه‌و خوای بێهاوتا دایناوه ئه‌وا گومانکردن و پرسیارکردن له ره‌وایی ئه‌م یاسایه سه‌ختترده‌بێت. ره‌نگه نموونه‌یه‌ک بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که ئایینه‌کان به ویستی پیاوانن ئه‌و چیرۆکانه بن سه‌باره‌ت به خوڵقاندن که له‌ڕێگه‌ی ئایینه تاکپهرستهکانهوه (واته ئایینی جووله‌که، مه‌سیحی و موسوڵمان) هاتوونه‌ته ناوکهلتورو بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌وه. خودا له‌سه‌ره‌تادا ئاده‌می دروستکرد. کاتێک ئاده‌م له‌ته‌نیایی خۆی وهڕزبوو خودا حه‌وای له‌به‌رخاتری ئاده‌م و لهپهراسووی چه‌پیه‌وه دروستکرد. واته گه‌ر ئاده‌م نموونه‌ی سه‌ره‌کیی مرۆڤ بێت ئه‌وا حه‌وا ته‌نها کۆپیه‌کی ئه‌م مرۆڤه‌یه که ته‌نها له‌به‌ر خاتری ئه‌و دروستکراوه تا رازی و خۆشحاڵی بکات. ئه‌م چیرۆکه ژن وه‌ک بوونه‌وه‌رێک ده‌خاته روو که ئه‌رکی خۆشبه‌ختکردنی پیاوه. دواتر ئه‌وه حه‌وایه که سێوه قه‌ده‌غه‌کراوه‌که لێده‌کاته‌وه‌و ده‌یداته ده‌ست ئاده‌م و هه‌ردووکیان لێی ده‌خۆن. لێره‌دا دوباره ئه‌وه ژنه که تاوانباره‌و پیاو له خشتهدهبات و ده‌بێته هۆی ده‌رکردنی له به‌هه‌شت. ژن هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، پێش ئه‌وه‌ی بێته سه‌رزه‌وی، گوناهباره. خودا‌ش که له ژن تووڕه‌یه ئازاری منداڵبوونی خه‌ڵات ده‌کات تا تۆڵه‌ی لێ بسه‌نێته‌وه. ئه‌مه ره‌نگه یه‌کێک بێت له سه‌ره‌تاییترین هه‌وڵه‌کانی پیاو تا ژن وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی لاوه‌کیی (که له په‌راسووی پیاوه‌و بۆ هاوده‌میی ئه‌و دروستکراوه)، تاوانبار (چونکه سێوه قه‌ده‌غه‌کراوه‌که‌ی لێکردۆته‌وه) و فریوده‌ر (چونکه ئاده‌می رازیکردوه تا له سێوه‌که بخوات) بخاته روو. لێره‌ش به‌دواوه هه‌موو هه‌وڵێكی پیاو ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات و ئازادی ئه‌م بوونه‌وه‌ره فریوده‌ره گوناهباره که‌م بکاته‌وه. سه‌ره‌تای زیادبوونی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ئافره‌ت له کوردستانی عێراقدا: به‌پێی ئامار‌و لێکۆڵینه‌وه‌کانی رێکخراوه جیاکانی ژنان، ئافره‌ت کوشتن له ساڵی 1991 به‌دواوه رووی له زیادبوون بوو. ئه‌مه‌ش سه‌رسوڕهێنه‌ر نیه گه‌ر سه‌یری بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری بکه‌ین له‌م ساڵانه‌دا. له سه‌رتاسه‌ری ههشتاکانداو له‌کاتی جه‌نگی ئێران و عێراقدا حکوومه‌تی عێراق سوودی له‌و کوردانه وه‌رگرت که نهیاندویست بچنه به‌ره‌ی جه‌نگه‌وه‌و له سه‌ربازیی رایانده‌کرد. رژێم به‌بۆنه‌ی چه‌کدارکردنی سه‌ره‌ک خێڵه‌کانه‌وه (که له‌ناو کۆمه‌ڵگادا رۆڵیکی به‌رچاویان نه‌مابوو)و به‌کارهێنانیان وه‌ک سه‌رۆک جاشی ده‌وڵه‌مه‌ندو به‌ده‌سه‌ڵات، توانی جارێکی تر سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کیی له‌کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا زیندووبکاته‌وه. راپه‌ڕینی 1991 به‌پشتیوانیی سه‌رۆک جاشه‌کان کرا. حیزبه کوردیه‌کان پاش دۆڕانی سه‌دام له جه‌نگی که‌نداوی یهکهمهداو پێش راپه‌ڕین په‌یوه‌ندیان به موسته‌شاره‌کانه‌وه کرد تا داوای هاوکاریان لێبکه‌ن و په‌یمانی لێبوردنی گشتیان پێبده‌ن گه‌ر له راپه‌ڕیندا هاوکاریی بکه‌ن. ئه‌وه‌بوو جاشه‌کان به‌شداریانکردو دواتر له ساڵی 1992دا به بڕیارێکی ره‌سمی په‌رله‌مانی کوردستان لێبوردنی گشتیان بۆ ده‌رکرا. سه‌رۆک جاشه‌کان که له‌هه‌مان کاتدا سه‌رۆک خێڵ بوون له‌و رۆژه به‌دواوه بوونه هاوپه‌یمانی حیزبه کوردیه‌کان و تێکه‌ڵ به سیاسه‌تی کوردیی بوونه‌وه. هه‌ر خێڵه‌و خۆی دایه پاڵ یه‌کێک له حیزبه‌کان و به‌م شێوه‌یه‌ش پشتیوانی و پارێزگاریی سیاسیی به‌ده‌ستهێنا. له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا، کاتێک حکوومه‌تی عێراق داهاتی کارمه‌نده‌کانی حکومه‌تی ناوچه‌ی کوردستانی بڕی و ئابڵۆقه‌ی ئابووریی خسته سه‌رکوردستان هاوکات له‌گه‌ڵ ئابڵۆقه‌ی ئابووری سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌سه‌ر عێراق بارودۆخی ئابووریی ناوچه‌که زۆر خراپ بوو. ئه‌م قۆناغه مێژووییه دوای کاولبوونی گونده‌کان و له‌ناوچوونی ژێرخانی ئابووری جوتیاران و زۆربه‌ی پیاوه جوتیاره‌کان بووه هۆی هه‌ژاریی و نه‌هامه‌تیه‌کی زۆر بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وهه‌موو توندوتیژیه سیاسیه‌ی حکومه‌تی عێراق له کوردستاندا که بێگومان ئاکامی خۆی هه‌بوو. سه‌ره‌ڕای به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی و رووخاندن و کوشتن له گونده‌کاندا حکوومه‌ت له‌شاره‌کاندا به‌بۆنه‌ی زیندانیکردن، ئه‌شکه‌نجه‌دان، چاودێریکردنی به‌ربڵاوی خه‌ڵک، کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی گه‌نجان له‌به‌رچاوی هاوڵاتیاندا که ده‌بوایه چه‌پڵه لێبده‌ن، هتد، توندوتیژیی کردبووه به‌شێک له‌ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک. له سه‌رتاسه‌ریی هه‌شتاکاندا، کاتێک جه‌نگی ئێران و عێراق به‌رده‌وامبوو، ته‌له‌فزیۆنه عێراقیه‌کان به‌رنامه‌یه‌کیان بڵاوده‌کرده‌وه به ناوی صور من ألمعرکه (چه‌ند وێنه‌یه‌ک له مه‌یدانی جه‌نگه‌وه) که تیایدا پیشاندانی لاشه‌ی تێکشکاوی سه‌ربازه ئێرانیه‌کان به شانازیه‌وه، وه‌ک نموونه‌ی ئازایه‌تی و سه‌رکه‌وتن پیشانده‌درا. به‌م جۆره دڕنده‌بوون له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و له کوردستاندا بهئاساییدهکرا. ئه‌وه بوو له راپه‌ڕینی 1991دا کورده‌کان که له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا راهاتبوون به‌هه‌مان شێوه‌ی بێبه‌زه‌یی و دڕندانه ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ئه‌من و ئیستیخبارات و پۆلیسه‌کانی حکومه‌تی عێراقدا کرد. ئه‌وان نه‌ک هه‌ر کوژران به‌ڵکوو زۆریان پارچه‌کانی له‌شیان بڕدرا، وه‌ک گوێ و په‌نجه و زه‌که‌ر، و بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک وه‌ک پێشانگایه‌ک له مه‌یدان و شه‌قامه‌کاندا پیشاندران. ده‌بوایه ئه‌مه زه‌نگی مه‌ترسیی بوایه بۆ ئێمه که ئه‌و کۆمه‌ڵگا تازه‌یه‌ی خه‌ریکه دروستده‌بێت له‌ڕووی دڕنده‌یی و بێبهزهییبوونیهوه له کۆمه‌ڵگا چهپێنهرهکی پێش خۆی ده‌چێت. له نه‌وه‌ده‌کاندا حیزبه کوردیه‌کان که چ ئه‌زموونی پێکه‌وه‌ژیانی دیموکراسیان نه‌بوو که‌وتنه پێشبڕکێکردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی، دارایی، شوێن و ژماره‌ی ئه‌ندام. هه‌ریه‌که‌یان ده‌یویست زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵک به‌لای خۆیدا راكێشێ و هه‌ربۆیه نه‌یانده‌ویست سه‌رۆک خێڵه گه‌وره‌کان له‌خۆیان بڕه‌نجێنن. له‌م ساڵانه‌دا خێڵی چه‌کدارو ده‌سه‌ڵاتدار زۆر له ساڵانی پێشوو دهسترۆیشتووتربوون و که‌سێک نه‌بوو پێشیان پێبگرێت. گه‌ر حیزبێک بیڕهنجاندنایه حیزبه‌که‌ی تر به خۆشحاڵیه‌وه پێشوازیی لێده‌کردن و ده‌سه‌ڵاتی ده‌دانێ. هه‌ربۆیه هیچیه‌ک له حیزبه‌کان به‌جددی هه‌وڵیان نه‌دا سنوور بۆ ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کیی دابنێن و کۆنترۆڵیان بکه‌ن. ئه‌مه بووه هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی یه‌کگرتوو وه‌هه‌روه‌ها نه‌سه‌پاندنی یاسا. بێگومان له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که پیاوی چه‌کداری خێڵ زۆربێت و لێپرسینه‌وه که‌م بێت ژنان یه‌کێکن له‌و گرووپه سه‌ره‌کیانه‌ی ده‌بنه قوربانیی. دواتر جه‌نگی براکوژی و کاره تیرۆریستیه‌کانی ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کان به‌رده‌وامی به نائارامیی و بازنه‌ی توندوتیژیی دا‌و زۆر مه‌سه‌له‌ی گرنگی تر وه‌ک دۆزی ژنان و یارمه‌تیدانی ده‌ربازبوانی ئه‌نفال له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره سیاسیه‌کانه‌وه پشتگوێخران. ئێمه ده‌زانین که دوو جه‌نگی جیهانیی له ئهورووپاداو که‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی پیاو بوونه هۆی زیادبوونی ژن له‌بواری کار‌و به‌رهه‌مهێنان و سیاسهتداو دواتر بوونه مایه‌ی ئه‌وه‌ی دۆزی ژن له‌م وڵاتانه‌دا پێشبکه‌وێت. که‌چی له کوردستاندا سه‌ره‌ڕای سوود وه‌رگرتنی ژنان له ئازادیی دوای راپه‌ڕین و ده‌ستبه‌کاربوونیان له زۆربه‌ی بواره‌کاندا و به‌تایبه‌تی له کارکردن بۆ پێشخستنی دۆزی ژن، ده‌ستکه‌وته‌کان که‌متر بوون له‌وه‌ی چاوهڕوانیلێدهکرا. ئه‌وه راسته که زۆربه‌ی ئه‌و رێکخراوی ژنانه‌ی که له سه‌ره‌تادا دروستبوون سه‌ر به حیزبه‌کان بوون و هه‌ربۆیه نه ده‌یانتوانی کاری به‌کۆمه‌ڵ بکه‌ن و نه دهیانتوای ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تی حیبزبهکهی خۆیان بگرن. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا کاری به‌کۆمه‌ڵ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی دۆزی ژن کراوه‌و چه‌ند رێکخراوێکی سهربهخۆو که‌سانێکی چالاک هه‌ن که کاری کاریگه‌ریی باشیان هه‌بووه. به بڕوای من هۆی سه‌ره‌کیی که‌میی ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و بارودۆخه سیاسیه ناهه‌مواره‌ی پاش راپه‌ڕن دروستبوو. گه‌ر بارودۆخی کوردستان پاش جه‌نگی که‌نداوی یه‌که‌م به‌راورد بکه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپادا پاش جه‌نگه جیهانیهکان ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که له ئه‌ورووپا بارودۆخی ئاسایشی وڵاته‌کان هه‌رزوو ئارامبۆوه و حکمووتێکی یه‌کگرتوو دروستبوو که یاسا تیایدا سه‌روه‌ربوو (له هه‌ندێک وڵات‌دا هه‌تا له‌کاتی جه‌نگیشدا ئه‌م جۆره حکوومه‌ته هه‌بوو گه‌رچی به‌بۆنه‌ی جه‌نگه‌وه کاره‌ساتی تر روویده‌دا). ئه‌مه‌ش پشتیوانی و هاوکاریه‌کی گه‌وره بوو چونکه هاوڵاتیان ده‌یانتوانی به ئاسووده‌یه‌وه خه‌ریکی کاره‌کانی خۆیان بن و به‌شداریی له دروستکردنه‌وه‌و رێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا لێکههڵوهشاوهکانیان بکه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌وه له کوردستاندا جه‌نگ و نائارامیی به‌رده‌وام بوو، خێڵه‌کان هه‌میشه له رێکخراوی ژنان ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر بوو، حکومه‌تێکی یه‌کگرتووی کوردیی نه‌بوو که ژنان بتوانن پشتی پێببه‌ستن (هه‌تا بۆ گۆڕینی یاسای ناموسکوژی ژنان ده‌بوایه هه‌م حکومه‌تی پارتی و هه‌م یه‌کێتی رازیبکه‌ن)، یاساش هه‌رگیز سهروهرنهبوو بۆ داکۆکیکردن له مافی ژنان. له‌لایه‌کی تریشه‌وه نائارامی و جه‌نگ و ناهه‌مواری باری ئابووری وایکرد که حکومه‌تی کوردستان گرنگیی به مه‌سه‌له‌ی تر بدات و کێشه‌ی ئافره‌تان پشتگوێبخات. ئایا ئه‌و میکانیزمانه چین که له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ده‌بنه هۆی دوباره‌بوونه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان؟ کۆمه‌ڵێك چه‌مکی جیاواز له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شداریی ده‌که‌ن که لێره‌دا ده‌مه‌وێ به کورتی ئاماژه‌یان پێ بکه‌م: یه‌که‌م، نه‌چه‌سپاندنی یاسا: گه‌رچی یاسا سه‌باره‌ت به کوشتن به‌ناوی نامووسه‌وه گۆڕدراوه به‌ڵام یاسا به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی ناسه‌پێنرێت. ره‌نگه یاسا ته‌نها به‌سه‌ر ئه‌و پیاوانه‌دا بسه‌پێنرێت که لهلایهنیی خێڵه‌کیی و سیاسیه‌وه بێ پشتیوانن. پیاوه‌کانی تر به‌ئاسانیی له‌لایه‌ن خێڵێک یا حیزبێکه‌وه پشتگیریده‌کرێن و به‌ئازادی دێن و ده‌چن. گه‌ر یاسا بسه‌پێنرێت پیاوان دووجار بیرده‌که‌نه‌وه پێش ئه‌وه‌ی کرداری وابکه‌ن. له‌ناو خێڵێکی ئه‌فریقیدا که هه‌رجارێک پیاوێک له ژنی بدایه، خێڵی پیاوه‌که ده‌بوایه دیاریی به خێڵی ژنه‌که بده‌ن و داوای لێبوردنیان لێبکه‌ن. له ژن دان نرخی گران بوو بۆیه زۆرکه‌م بوو. پیاوه‌کان له‌لایه‌ن خێڵی خۆیانه‌وه به‌رده‌وام سه‌رزه‌نشت ده‌کران و فشاریان له‌سه‌ربوو که خۆیان کۆنترۆڵکهن به‌م شێوه‌یه له‌ژن دان کۆنترۆڵکرابوو. به‌هه‌مان شێوه پیاوان ده‌بێت تێبگه‌ن که نرخی ژن کوشتن زۆر گرانه. پێش‌گرتن له نامووسکوژیی ته‌نها ئه‌و کاته ده‌بێت که یاسا بێ شه‌رتومه‌رج بسه‌پێنرێت و ئه‌و پیاوانه‌ی که بیر له کوشتنی ژنێک ده‌که‌نه‌وه ده‌بێت بزانن که ناتوانن به ئاسانیی ده‌ربازبن. دووهه‌م: گۆڕینی دوو یاسا سه‌باره‌ت به ژن کوشتن و فره‌ژنی کافیی نیه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ژنان. حکوومه‌ت ده‌بێت پلانێکی سه‌رتاسه‌ریی هه‌بێت بۆ پشتیوانیکردن له‌و ژنانه‌ی توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت. به‌پێی راپۆرته‌کانی میدیای کوردیی دۆعا ده‌درێته ده‌ست مقه‌ڕی پارتی و ئه‌وانیش پاش سه‌عاتێک ده‌یده‌نه‌وه ده‌ست کۆمه‌ڵگاکه‌ی و ده‌ڵێن: کێشه‌که زۆر قورس نیه، خۆتان چاره‌سه‌ریی بکه‌ن. واته حکومه‌ت ئێسته‌ش چاره‌سه‌ری خێڵه‌کی لا ره‌وایه که ئه‌زموونه‌کان ده‌یسه‌لمێنن زۆربه‌ی جار به کوشتنی ژنان کۆتایی دێت. نموونه‌ی وا زۆرن که خێڵه‌کان په‌یمانی لێبوردنیان به ژنێک داوه‌و له په‌ناگای ژنان وهریانگرتۆتهوهو دواتر کوشتوویانه. له وڵاتێک‌دا که حکموت سیسته‌مێکی سه‌رتاسه‌ریی نیه بۆ داکۆکیکردن له مافی ژن ئافره‌تان ده‌بێت پشت به‌و چه‌ند شێلته‌ر و په‌ناگا نائارامانه ببه‌ستن که رێکخراوه‌کانی ژنان دایانناوه. له ئه‌ورووپادا هه‌بوونی به‌ربڵاوی په‌ناگه‌ی ئارام که تاوانباران ناتوانن به ئاسانیی ده‌ستیان پێیدا بگات، یارمه‌تیی دارایی ژنانی تاک، دابینکردنی خانووبه‌ره‌و پاراستنی یاسایی به‌شێكن لهسهرهکیترینی ئه‌و مافانه‌ی ژنانی ده‌ربازبووی توندوتیژیی ناوخێزان سوودی لێورده‌گرن. حکومه‌تی کوردستان هیچ پلانێکی نیه بۆ ئه‌و ژنانه‌ی که له مه‌رگ رزگاریان ده‌بێت و ماوه‌یه‌ک له رێکخراوێکی ژنان خۆیان حه‌شارده‌ده‌ن. ئاخۆ له‌و بارودۆخه زیندان ئاسایهدا ژنان تا چه‌ند بڕده‌که‌ن؟ دواتر چیان به‌سه‌ردێت؟ چۆن ده‌توانن ژیانێکی نوێ دروستکهنهوه؟ کێ ده‌یانپارێزێت؟ سێهه‌م: نۆرمه باوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ژن ده‌که‌نه قوربانیی. هه‌ر له منداڵیه‌وه جه‌سته‌ی کچ به عه‌یبه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه و منداڵی کچ به‌رده‌وام پێی ده‌وترێت که جوان دا‌نیشێت و کۆشی داپۆشێت. كچان فێرده‌کرێن که به‌رده‌می باوک و براکانیان پاک که‌نه‌وه‌و کوڕان له منداڵیه‌وه فێرده‌کرێن که دایک و خوشک و مێینه به‌گشتیی ده‌بێت له خزمه‌تی ئه‌واندا بن، جله‌کانیان بۆ بشۆن، خواردنیان بده‌نێ و لهپاشیانهوه پاکبکه‌نه‌وه. نه‌بوونی هوشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی و گرنگینه‌دان به یه‌کسانی و مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ گرنگیه‌کی سه‌ره‌کیان هه‌یه له‌م پرۆسه‌یه‌دا. یه‌کێک له ره‌هه‌نده دڵته‌زێنه‌کانی کوشتنی دۆعا بوونی ئه‌و هه‌موو بینهرهیه که که‌سیان داکۆکیی له‌و کچه منداڵه ناکه‌ن که خه‌ریکه ورد ده‌کرێت. که‌سێک نیه که رێ له تاوانکاران بگرێت یا هیچ نه‌بێت ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت. به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه زۆربه‌یان خۆشحاڵن و هه‌ندێکیان هه‌لهه‌له لێده‌ده‌ن. ئه‌مه نموونه‌ی ناهوشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیه و رێزنه‌گرتنه له ژیان و له مه‌رگیش. گه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک بگاته ئاستێکی هوشیاریی که توندوتژیی، دڕنده‌یی و کوشتن به ناڕه‌وا بزانێت ئه‌وا زۆر مه‌حاڵه کچێکی وه‌ک دۆعا به‌به‌رچاوی ئه‌و هه‌موو که‌سه‌وه بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عات بهردبارانبکرێت. چوارهه‌م: سوودوه‌رگرتن له سیسته‌مێکی په‌روه‌رده که ده‌ربه‌ستی یه‌کسانیی نێوان نێر‌و مێ نیه. منداڵه‌کان له‌م سیسته‌مه‌دا فێری رێزگرتن له ئازادی و سنوره‌کانی یه‌کتر و قبوڵکردنی جیاوازیی ناکرێن. منداڵ هه‌تا ئه‌گه‌ر له ماڵه‌وه به که‌لتورێکی تایبه‌تیی په‌رورده بێت ده‌کرێت له ڕیی قوتابخانه‌وه فێری زۆر شتی گرنگ بکرێت که له ره‌فتارو کاره‌کانیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت، دواتر ئه‌مه ته‌نها گه‌ره‌نتیه که نه‌وه‌کانی داهاتوو دیموکراسییتر بن له‌وانیه ئێسته. کارکردن له‌سه‌ر توندوتیژیی به‌رامبه‌ر به ژن پێویستیی به کارکردنه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌م ئاستانه. به‌پێچه‌وانی چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکیشه‌وه ئه‌م کارانه ئه‌رکی حکومه‌تن نه‌ک رێکخراوی ژنان. رێکخراوی ژنان کۆمه‌ڵێک ئۆرگانی ناحکوومین و ده‌سه‌ڵاتێکی سنورداریان هه‌یه. زۆرگرنکه که حکوومه‌ت سوود له ئه‌زموونه‌کانی ئه‌وان وه‌ربگرێت و گوێ به داواکاریه‌کانیان بدات. دیاره ئه‌وان به‌بۆنه‌ی کاری راسته‌وخۆیاندا له‌گه‌ڵ ژنان و له‌ناو کۆمه‌ڵگادا شاره‌زای ئاڵۆزیی کێشه‌کان و جۆره جیاوازه‌کانی بهرههڵستهکانن له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتنی ئافره‌تاندا. ئه‌وان له‌گه‌ڵ پێشکه‌شکردنی کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌دا بۆ ژنان و هه‌وڵه‌کانیان بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگا پێویستیان به پشتیوانیی حکوومه‌ت هه‌یه تا گۆڕانگاریی به‌ده‌ستبێنن. ئه‌وه حکوومه‌ته که به گۆڕینی یاسا‌و سه‌پاندنی بێ شهرتو مه‌رجی، دروستکردنی پلانێکی سه‌رتاسه‌ریی بۆ یارمه‌تیدانی ژنه تاوانلێکراوه‌کان، دانانی پرۆگرامی رێکوپێک بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری خه‌ڵک و گرنگیدان به په‌روه‌رده ده‌توانێت گۆڕانکاری بکات.
|