Home | News | Biography | Publications | Research | Gallery | Audio/Visual | Links |
چاوپێکه‌وتن حه‌مه کاکه ره‌ش، ئه‌نفال، 2008 کوردستانی نوێ، 4304، 26/6/2007
وتار بۆسنه دوانزهمههین ساڵیادی جینۆساید ده‌کاته‌وه، ئاوێنه کوشتنی ناموسپه‌رستیی، ئاوێنه مه‌رگی دۆعا چیمان پێ ده‌ڵێت؟ ئاوێنه خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ (پێنهلۆپه ده‌چێ بۆ جه‌نگ)ی ئۆریانا فالاچی، مه‌ڵبه‌ند
چیرۆک |
چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ره‌هه‌ند ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌ب، ئافره‌ت، پیاو و کۆچ چۆمان هه‌ردی پێش تێکشکانی شۆڕشی ئهیلوول له سلێمانی، کوردستانی عێراق له‌دایکبوو و ساڵه‌کانی یه‌که‌می ته‌مه‌نی له که‌ره‌ج، نزیکی تاران به‌سه‌ربرد. به پێنج ساڵی گه‌ڕایه‌وه بۆ شوێنی له‌دایکبوونی وکاتێک چوارده ساڵ بوو، پاش هێرشی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه، جارێکی ترخێزانهکهی کۆچیان کرد بۆ ئێران و ئه‌م جاره له کوردستانی ئێران نیشته‌جێ بوون. پاش راپهڕیبنی ساڵی 91 و کۆچڕه‌وی کورده‌کان بۆ ئێران و تورکیا له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی به‌ره‌و تورکیا که‌وته ڕێ. له ساڵی 93 وه له به‌ریتانیا نیشته‌جێیه و له زانکۆکانی ئۆکسفۆرد، له‌نده‌ن و کێنت له کانتهربهری به‌که‌لۆریۆس، ماسته‌ر و دوکتۆرای هێناوه له‌بواری فه‌لسه‌فه و ده‌روونناسیدا. ئێستا خه‌ریکی ئه‌نجامدانی لێکۆڵینه‌وه‌ی پۆست دوکتۆرایه له‌بواری سۆسیۆلۆژی-سایکۆلۆژیدا سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی ژنی کورد له کاتی ئه‌نفال وپاش ئه‌نفالدا. چۆمان خاوه‌نی سێ کۆمه‌ڵه شیعره به زمانی کوردی که له دانیمارک، سوید و کوردستان له ساڵانی 96، 98 و 2003 دا چاپبوون. ئه‌وه شه‌ش ساڵه به زمانی ئنگلیزی ده‌نووسێت. له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا سه‌باره‌ت به کاره‌کانی و ئه‌زموونی ژیانی پرسیارمان لێکرد. پ: سه‌ره‌تاکانی کارکردنت زۆرتر خولیای ئه‌ده‌بی به‌سه‌رتا زاڵ بوو وه‌ک چیرۆک و شیعرنووسین که‌چی له خویندنی ئه‌کادیمیدا رووتکرده بواری لێکۆڵینه‌وه‌و فه‌لسه‌فه. وابزانم نامه‌ی ماسته‌ره‌که‌ت له‌سه‌ر کانته. ئه‌م گۆڕانه بۆچی؟ و: سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ روونی بکه‌مه‌وه که ته‌نها به‌شێکی ماسته‌ره‌که‌م له‌سه‌ر کانت بوو. من له‌ساڵی 2000دا له زانکۆی له‌نده‌ن، کۆلیژی یونیڤێرسیتی (University College London) ماسته‌رم هێنا له فه‌لسه‌فه‌دا. له سیسته‌می ئه‌م زانکۆیه‌دا ماسته‌ر پێکدێت له چوار به‌ش: سێ په‌یپه‌ر و نووسینی تێزێکی 12000 وشه‌یی. بۆ په‌یپه‌ره‌کان فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق، فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵ و ئهپستمۆلۆژیام هه‌ڵبژارد، تێزهکهشم له‌سه‌ر مه‌فهوومی داهێنانی هونه‌ریی بوو (genius) لای کانت که له سێهه‌م کتێبیدا، واته کتێبی 'ره‌خنه له هه‌ڵسه‌نگاندی هونه‌ریی' (Critique of pure judgement) قسه‌ی له‌سه‌رده‌کات. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که من له‌بواری ئه‌کادیمیدا روومکردبێته فه‌لسه‌فه و لێکۆڵینه‌وه ده‌بێ بڵێم به‌بڕوای من هه‌ر داهێنانێکی گه‌وره بیر‌و هزرێکی قووڵی له‌پشته. به‌رهه‌می هونه‌ریی به فراوانبوونی تێگه‌یشتنمان بۆ دنیا ومرۆڤ دهوڵهمهندتردهبێت. جگه له‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می رێنسانسدا زانست، هونه‌ر و فه‌لسه‌فه به‌و جۆره‌ی ئێستا لێک جیانه‌کرابوونه‌وه. بۆ نموونه داڤینچی نه‌ک هه‌ر هونه‌رمه‌ند به‌ڵکو زانایه‌کی داهێنه‌ریش بوو. هونه‌رو فیکر دوو ته‌وه‌ره‌ی دژ به‌یه‌ک نین به‌ڵکوو ته‌واوکه‌رو ده‌وڵه‌مه‌ندکه‌ری یه‌کترین. ده‌شێ بڵێین فه‌لسه‌فه به‌ده‌وری سێ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیدا ده‌خولێته‌وه: حه‌قیقه‌ت، جوانی و ره‌وشت. هونه‌ریش به‌شێوه‌یه‌کی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌م ته‌وه‌رانه‌دا ده‌کات. ئه‌فلاتوون و مورییدهکانی پێیان وایه که به‌های هونه‌ر یه‌کسانه به به‌های مۆراڵیی به‌رهه‌مێک. به بڕوای من به‌های به‌رهه‌می هونه‌ریی له‌وه‌دایه که تا چه‌ند جدییه له به‌رجه‌سته‌کردنی حه‌قیقه‌ته‌کانی دنیای ئێمه‌دا به هه‌موو ئاڵۆزی و لایه‌نه جیاوازه‌کانیه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ش که بتوانین کاری هونه‌ریی جددیتر به‌رهه‌م بێنین بێگومان پێویسته له ره‌نگدانه‌وه‌ی جه‌نگ، هه‌ژاریی، سێکسیزم و راسیزم له‌ژیانی مرۆڤدا تێبگه‌ین، پێویسته له ئاڵۆزیی چه‌مکه‌کانی وه‌ک حه‌قیقه‌ت و دادپه‌روه‌ریی تێبگه‌ین. له جیهانی ئێمه‌دا رۆمانه مه‌زنه‌کان ئه‌وانه‌ن که بارگاوین به تیگه‌یشتن له ئاڵۆزیی کێشه‌کانی ئێمه. ئه‌وان نه‌ک هه‌ر چیرۆکێکمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌و جیهانێک ده‌خوڵقێنن به‌ڵکوو له‌هه‌مان کاتدا شتێکمان له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی مرۆڤ پێده‌ڵێن. ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌مان بۆ ئاشکرا ده‌که‌ن که زۆرجار له‌کاتی ئاسایی‌دا لێمان ونن. بۆ نموونه نابووکۆڤ له رۆمانی لۆلیتادا نه‌ک هه‌ر باس له کچێکی دوانزه ساڵه‌ی گیرۆده‌ی ده‌ستی پیاوێکی به‌ته‌مه‌ن ده‌کات که بۆ خۆشیی خۆی به‌کاری دێنێ به‌ڵکوو ده‌توانین بڵێن باسی گیرۆده‌بوونی ژن به‌گشتیی ده‌کات له کۆمه‌ڵگای باوک سالاریدا. وێنه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی ئه‌م رۆمانه که هه‌م حاڵه‌تیی ده‌ستبه‌سه‌ریی لۆلیتاو هه‌م هی ژنان به‌گشتی به‌رجه‌سته ده‌کات ئه‌وه‌یه که کاتێک قاره‌مانی رۆمانه‌که پاش مردنی دایکی لۆلیتا ده‌چێت به شوێنیداو له ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر چاوه‌ڕێی لۆلیتا ده‌کات په‌پووله‌یه‌ک ده‌بینێ که به ده‌رزیه‌ک گیردراوه به‌ڵام هێشتا باڵه‌فڕه ده‌کات و نه‌مردووه. ئه‌م وێنه‌یه به‌رجسته‌ی هه‌لومه‌رجی ده‌روونی لۆلیتا ده‌کات که له‌و ساته به‌دواوه ده‌بێته بوونه‌وه‌رێکی گیرۆده و ئازادی ، ژیان و هه‌تا جه‌سته‌شی زه‌وتده‌کرێت. به‌هه‌مان شێوه له كۆمه‌لگای باوک سالاریدا ژن خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆی نیه و له‌هه‌مان کاتیش‌دا مافی بڕیاردان سه‌باره‌ت به ژیانی خۆی، ره‌فتارو هه‌تا جلوبه‌رگیشی کۆنترۆڵ ده‌کرێت. لۆلیتا ئه‌وه‌نده‌ی باسی کچێک ده‌کات که گیرۆده‌ی ده‌ستی پیاوێکی منداڵبازه ئه‌وه‌نده‌ش باسی ژن ده‌کات که له سیسته‌می باوک سالاریدا نه‌مردووه به‌ڵام وه‌ک په‌پووله‌یه‌کی له‌ده‌رزی دراو ده‌سه‌ڵاتی فڕین و ژیانی لێ زه‌وتکراوه. تۆنی مۆریسنیش یه‌کێکه له‌و رۆماننووسانهی که به‌هه‌مان شێوه توانیوێتی ئاڵۆزیی جۆره جیاوازه‌کانی چه‌وسانه‌وه و په‌یوه‌ندیان پێکه‌وه به‌رجه‌سته بکات. ئه‌و له رۆمانه‌کانیدا ئه‌وه‌نده‌ی باسی چه‌وسانه‌وه‌ی رهشهپێستهکانی ئه‌مریکا ده‌کات به‌ده‌ست سپیه‌کانه‌وه ئه‌وه‌نده‌ش باسی چه‌وسانه‌وه‌ی ره‌شپێسته‌کان ده‌کات به‌ده‌ست خۆیانه‌وه‌و هه‌روه‌ها چه‌وسانه‌وه‌ی ژنی ره‌ش به‌ده‌ست پیاوی ره‌شه‌وه. به‌م شێوه‌یه ئه‌و راستیه‌مان بیردێنێته‌وه که جۆره جیاوازه‌کانی زوڵم و چه‌وسانه‌وه پێکه‌وه و به‌یه‌ک شێوه کارده‌که‌ن، بیرمان دێنێته‌وه که ئینسانه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی به‌ده‌ست چه‌وسانه‌وه‌وه ده‌ناڵێنن ئه‌وه‌نده‌ش خۆیان ده‌بنه مایه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی که‌سانی تر، ئێمه ته‌نها قوربانیی نین به‌ڵکوو له هه‌مان کاتدا جهلادیشین. به‌لایه‌کی تریشدا بیرمان دێته‌وه که قوربانیه‌کان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که قوربانین نابنه ئینسانی باش به‌ڵکوو چه‌وساوه‌کان زۆرجار ده‌بنه‌وه به چه‌وسێنه‌ر. به‌م شێوه‌یه ده‌بینین که کاری هونه‌ریی سه‌رکه‌وتوو ده‌توانێ کۆمه‌ڵی چه‌مکی ئاڵۆزی فه‌لسه‌فیمان بۆ شیبکاته‌وه‌و به‌ئه‌ندازه‌ی چه‌ندین کتێبی فه‌لسه‌فی و مێژوویی تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌م چه‌مکانه فراوانبکات. پ: نامه‌ی دوکتۆراکهت سه‌باره‌ت به ژنانی كورده له تاراوگه، تیایدا باسی ئه‌و کێشانه‌ت کردوه که تووشی ژنانی کورد ده‌بێت له ئه‌نجامی ژیان له نیوان دوو که‌لتووردا. ئایا ده‌کرێت باسی هێله گشتیه‌کانی باسهکهتمان بۆبکه‌یت. و: یه‌که‌مین ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی نامه‌ی دوکتۆراکه‌م کاردانه‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاته له‌ژیانی ژنی کورددا به گشتی و به‌تایبه‌تی له به‌ریتانیا. له حه‌فتاکاندا تیۆریه‌کی ده‌روونی سه‌ریهه‌ڵدا که پێیوابوو مرۆڤه‌کان له‌ئه‌نجامی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌سه‌ر ژینگه‌و ده‌وروبه‌ردا تووشی کێشه‌ی ده‌روونی ده‌بن. سۆلیگمان له‌ساڵی 1974دا پاش کۆمه‌ڵێک تاقیکردنه‌وه روونیکرده‌وه که مرۆڤ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و کێشانه بدۆزێته‌وه که رۆژانه رووبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه به‌ڵام کاتێک که توانای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی لێ زه‌وتده‌کرێت تووشی نائومێدیه‌ک ده‌بیت کهدیوێکی تری خه‌مۆکیه. به واتایه‌کی تر کاتێک ده‌سه‌ڵاتی چاره‌سه‌رکردن یان پێشگیریی کردن له‌کێشه‌کان له مرۆڤ ده‌سه‌نرێ تووشیی کێشه‌ی ده‌روونی ده‌بێت. به‌بڕوای فێمینیسته‌کان به‌شی سه‌ره‌کیی کێشه‌کانی مرۆڤ له جیهاندا په‌یوندی به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه. فێمینیستی ئه‌مریکی بۆنیی بێرستۆ (1998) ده‌ڵێت مرۆڤبوونی ئێمه په‌یوه‌ندی به توانای ئێمه‌وه هه‌یه بۆبه‌خشینی مانا به دنیا‌و ده‌وره‌به‌ر، پێناسه‌کردن و هه‌ڵبژاردنی به‌ها مرۆییه‌کان، به‌رهه‌مهێنان له‌رووی کاره‌وه بێ یا به‌رهه‌می هونه‌ریی، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ده‌بنه مایه‌ی خۆشبه‌ختیمان: بۆ نموونه یه‌کسانی، ئازادی، دادپه‌روه‌ریی. به‌ڵام کاتێک ده‌سه‌ڵاتی به‌شداریی کردن له‌م پرۆسه مرۆییه‌دا زه‌وتده‌کرێت ئیتر له مرۆڤێکه‌وه که بڕیارده‌دا و جیهان دروستده‌کا، له بکه‌رو سۆبژهوه (subject) ده‌بینه بینه‌رێکی بێده‌سه‌ڵاتی جیهانی خۆمان. چه‌مکی ده‌سه‌ڵاتیش گرنگیه‌کی سه‌ره‌کی هه‌یه بۆ ژنی په‌نابه‌ر به‌تایبه‌تی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌دوو لایه‌نه‌وه کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه. له‌لایه‌که‌وه وه‌ک ژن ئه‌وان له‌کۆمه‌ڵگاکانی خۆیاندا ده‌سه‌ڵاتیان لێ زه‌وتکراوه‌و له‌لایه‌کی تریشه‌وه وه‌ک په‌نابه‌ر ئه‌وان مرۆڤی پله‌دوون و چ ده‌سه‌ڵاتێکیان نیه له هه‌واری نوێیاندا. خاتوو ڤیبه‌ری سۆسیۆلۆژ (1998) ده‌ڵیت ره‌گه‌زو ژێنده‌ر(race and gender) دوو چه‌مکی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستکراون که ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌نه کۆمه‌ڵیک و له کۆمه‌ڵێکی تری ده‌سه‌نن. به‌م شێوه‌یه ئه‌م چه‌مکانه به‌قازانجی کۆمه‌ڵێکن و به زه‌ره‌ری کۆمه‌ڵێکی تر. بۆنموونه پیاوبوون یهکساندهکرێت به به‌هێزیی، زییرهکیی، به‌توانایی و ئازایی. له‌هه‌مان کاتدا ژن بوون یه‌کسان ده‌کرێت به ناسکیی، به‌سۆزیی، دڵنه‌رمیی و بێده‌سه‌ڵاتیی. هه‌ر لێره‌شه‌وه پیاوبوون واته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون و ژن بوونیش واته بێده‌سه‌ڵاتیی. ئه‌م سیفه‌تانه ده‌درێنه پاڵ نێر‌و مێ و له‌ئه‌نجامدا ژن ده‌بێت به‌وشێوه‌یه‌ی که چاوه‌ڕوانی لێده‌کرێت ره‌فتاربکات ده‌نا له‌لایه‌ن كۆمهڵگاو خێزانه‌وه سه‌رزه‌نشت ده‌کرێت و فشاری بۆ دێنرێت تا ژنانه ره‌فتاربکات. به‌هه‌مان شێوه ره‌گه‌زی سپی له‌مێژووی مرۆڤایه‌تییدا به زیره‌کتر، به‌تواناتر و ئازاتر له‌ره‌گه‌زه‌کانی تر له‌قه‌ڵه‌م دراوه. نازیه‌کان به‌پشت به‌ستن به کۆمه‌ڵێک تێۆری زانستی که ده‌یانگوت مێشکی مرۆڤی ئاریایی گه‌وره‌تره له مێشکی مرۆڤه‌کانی تر (هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌وان زیره‌کترن و ده‌بێت سه‌روه‌ربن) پێنج ملێۆن جووله‌که‌و قهرهجیان له‌ناوبه‌رد به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئاریایی نین و شایانی ژیان نین. خاتوو سوهنی فێمینیست (1998) بیرمان دێنێته‌وه که ئه‌م چه‌مکانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵێک که‌س دروستکراون به‌رده‌وام وه‌ک یاسای نه‌گۆڕی سروشت ده‌خرێنه روو. بۆ نموونه پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌کاری ماڵ بدزنه‌وه به‌رده‌وام باس له له‌خۆبوردوویی، به‌ڕه‌حمی و به‌توانایی ژنان ده‌که‌ن له‌بواری ماڵداریی و منداڵ به‌خێوکردندا له کاتێکدا که به‌شێکی زۆری ئه‌م ره‌وشتانه موکتهسهبن. ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه که له منداڵیه‌وه کچ وا په‌روه‌رده ده‌کات که هه‌ست بکات ئه‌و، به پێچه‌وانه‌ی براکانیه‌وه، ده‌بێ هه‌میشه خزمه‌ت بکات له ماڵدا. ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا ئه‌وساش که ئه‌و گه‌وره ده‌بێ و به‌ئه‌ندازه‌ی پیاوێک له کارگه‌و ئۆفیس و رێکخراوه‌کاندا کارده‌کات. هه‌ر ئه‌م چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تیه دروستکراوهشه که ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ژنان دوو کاری فوڵ تایمیان هه‌بێت و پیاوانیش هیچ هه‌ست به گوناه نه‌که‌ن به‌رامبه‌ر به هیلاکبوونی ژنه‌کانیان چونکه له کۆتاییدا پیاوان به خۆیان ده‌ڵێن ئه‌مه شتێکه که سروشت بڕیاری له‌سه‌ر داوه. به‌م پێیه ئه‌و ژنه کوردانه‌ی له تاراوگه ده‌ژین له دوولایه‌نه‌وه چه‌وساوه‌ن. له‌لایه‌که‌وه وه‌ک ژن له‌کۆمه‌ڵگایه‌کی موسوڵمانی باوک سالاردا په‌روه‌رده‌بوون که سنوور بۆ به‌شداریکردنیان له دانانی به‌هاو یاساکاندا داده‌نێ. له‌لایه‌کی تریشه‌وه له به‌ریتانیا مافی چالاک بوون و به‌شدارییکردن له کۆمه‌ڵگه‌یان لێ زه‌وت ده‌کرێت. له ده ساڵی رابوردوودا هێرشێکی چڕ کرایه سه‌ر په‌نابه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ندێ ده‌زگای راگه‌یاندنه‌وه له به‌ریتانیا. ئێسته کێشه‌ی که‌میی خانووبه‌ره، که‌میی دوکتۆر، بێکاریی، جه‌نجاڵیی نه‌خۆشخانه و قوتابخانه‌کان ده‌گه‌ڕینرێته‌وه بۆ زۆربوونی په‌نابه‌ران له به‌ریتانیا. په‌نابه‌ر وه‌ک مشه‌خۆر و فێڵبازدهناسرێت که زۆری هێناوه بۆ سیسته‌می دارایی به‌ریتانیاو تا دێت وه‌زاره‌تی په‌نابه‌ران هه‌وڵ ده‌دات مافه‌کانی په‌نابه‌ر که‌مبکاته‌وه‌و رێگه له‌هاتنیان بگرێت. ئه‌م تێڕوانینه نێگه‌تیڤه و سهختگیربوونی زیاتری حوکومه‌تی به‌ریتانی وای کردووه که هه‌ندێ ژن بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک له چاوه‌ڕوانییدا بژین به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی کارکردن، فێربوونی زمان و هه‌ڵبژاردنی شوێنی ژیانیان هه‌بێت. ئه‌وان ده‌بێ چاوه‌ڕێی بڕیاری حوکومه‌ت بن و هیچ توانای گۆڕینی ئه‌م بارودۆخه‌یان نیه. لێره‌دا ده‌مه‌وێ بێمه سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی دووهه‌می باسه‌که‌م که سه‌باره‌ت به گۆڕینی شوناسی ژنی کورده له‌ئه‌نجامی ژیانیدا له به‌ریتانیا. ئایا ئه‌م گۆڕانانه‌ی به‌سه‌ر ژیانی ژنی کوردا دێت چۆن کارده‌کاته سه‌ر شوناس و چۆنیتی خۆپێناسه‌کردنی؟ ئایا ژنێک که له کۆمه‌ڵگایه‌کی باوک سالاره‌وه ده‌گوێزێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی تاڕاده‌یه‌ک ئازادتر له رووی یه‌کسانی نێوان ژن و پیاوه‌وه، که له ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵگای کوردیه‌وه ده‌بێته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگایه‌کی کۆچکردوو بۆ به‌ریتانیا که تیایدا ره‌گه‌زی سپی هه‌زاران ساڵه باڵاده‌سته، چۆن گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت؟ خاتوو ئێسپین (1998) پێمان ده‌ڵێت که ژنانی په‌نابه‌ر دوو باری گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه، باری یه‌که‌م جیاوازیی مامه‌ڵه‌کردنی ژن و پیاوه له کۆمه‌ڵگای باوک سالاریدا (سێکسیزم) و باری دووهه‌میش راسیزمی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه‌یه. زۆرجارلهوه ده‌چێ که سێکسیزمی کۆمه‌ڵگای خۆ ببێته هۆی راسیزمی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه چونکه ئه‌م جیاوازیی کردنه له نێوان ژن و پیاودا و کۆنترۆڵ کردنی ژنی په‌نابه‌ر له‌لایه‌ن پیاوه‌کانی خێزانه‌که‌یه‌وه ده‌کرێته به‌هانه بۆ به سووکیی سه‌یرکردنی په‌نابه‌ران به‌گشتیی. به واتایه‌کی تر یه‌کیک له‌و هۆیانه‌ی که رۆژئاواییه‌کان په‌نابه‌ر به دواکه‌وتوو ده‌زانن ئه‌وه‌یه که به‌بڕوای ئه‌وان په‌نابه‌ر، به‌پێچه‌وانه‌ی خۆیانه‌وه، وه‌ک که‌سی ژماره دوو سه‌یری ژنان ده‌که‌ن و ده‌یانچه‌وسێننه‌وه. له‌هه‌مانکاتدا هه‌ر ئه‌م راسیزمهش ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامبوونی سێکسیزمی ناوخۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که په‌نابه‌ره‌کان کاتێک ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی ره‌خنه و راسیزمی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه ئه‌وه‌نده‌ی تر پێ له‌سه‌ر ترادیسیۆن و به‌هاکانی وڵاتی خۆیان داده‌گرن. یه‌کێک له‌م به‌هایانه‌ش جیاوازیکردنه له نێوان ژن و پیاودا. ئه‌رکی گوێزانه‌وه‌ی ئه‌م که‌لتووره‌ش ده‌که‌وێته سه‌رشانی ژنی په‌نابه‌ر چونکه ئه‌وه ئه‌وانن که منداڵ په‌روه‌رده ده‌که‌ن (داسگوپتا، 1998). بۆیه کچانی په‌نابه‌ر زۆر زیاتر له کوڕه هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆیان فشاریان لێده‌کرێ که پابه‌ندی ته‌قلیدو نه‌ریته باوه‌کانی وڵات بن. ژنی په‌نابه‌ر ده‌که‌وێته نێوان خاڵی به‌رکه‌وتی ئه‌م دوو هێزه وێرانکارهوه که یه‌کتریی ته‌فسیر و پڕچه‌ک ده‌که‌ن. هه‌ربۆیه ئه‌و کچانه‌ی که نازانن به ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌لومه‌رجه ناسکه‌دا بکه‌ن ره‌نگه ژیانی خۆیان له‌ده‌ستبده‌ن له ئه‌نجامی کوشتن به‌ناوی نامووسه‌وه. له کاتێکدا من داتام کۆده‌کرده‌وه بۆ نامه‌ی دوکتۆراکه‌م هێشوو یونس که کچێکی 17ساڵی کورد بوو له‌لایه‌ن باوکیه‌وه کوژرا له‌به‌رئه‌وه‌ی کوڕیکی خۆشده‌ویست که کورد نه‌بوو. مه‌رگی هێشوو ئه‌و مه‌ترسیه‌ی لای زۆر کچی گه‌نجی کورد دروستکرد که گه‌ر به‌دڵی خێزانه‌که‌یان و کۆمه‌ڵگای کوردی نه‌که‌ن ڕه‌نگه هه‌مان چاره‌نووسیان هه‌بێت. له‌کاتێکدا ده‌مویست له‌گه‌ڵ هاوڕی و هاوته‌مه‌نه‌کانی هێشوودا بدوێم بۆم ده‌رکه‌وت که که‌سیان رێ‌یان پێنادرێ یا ره‌نگه له ترسا رێ‌یان به خۆیان نه‌دا که باسی کێشه‌کانیان بۆ من بکه‌ن. هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که هه‌وڵێکی زۆرم دا، هیچ کچێکی ته‌مه‌ن ژێر 25 ساڵ به‌شداری له باسه‌که‌مدا نه‌کرد. به‌ڵام له‌لایه‌کی تره‌وه ژنی کورد له‌ئه‌نجامی کۆچکردنیهوه بۆ به‌ریتانیا کۆمه‌ڵێک هه‌لی بۆ ده‌ره‌خسێ که ره‌نگه پێشتر له وڵاتی خۆی لێی بێبه‌ش بووبێت. بۆ نموونه ئه‌و ده‌توانێت له‌هه‌ر بوارێک‌دا که ده‌یه‌وێت بخوێنێت و کاربکات. زۆرجار ره‌نگه ئه‌و کاری ده‌سکه‌وێت له‌کاتێکدا مێرده‌که‌ی یا براکه‌ی بێکار ده‌مێنێته‌وه ئه‌مه‌ش ده‌بێته پێچه‌وانه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات که خێزانه‌که پێی ئاشنایه. ژن کاری ده‌ره‌وه ده‌کات و ده‌رامه‌تی ده‌بێت له کاتێکدا پیاو له‌ماڵه‌وه داده‌نیشێ و توانای دابینکردنی دارایی له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌مه بۆ خۆی ده‌بێته کێشه‌یه‌ک و له هه‌ندێ خێزاندا ده‌بێته مایه‌ی تێکچوونی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو. هه‌ندێ جار ژنان ئاسانتر ده‌توانن له‌گه‌ڵ سیسته‌می تازه‌دا خۆیان بگونجێنن چونكه له‌م سیسته‌مه تازه‌یه‌دا ده‌توانن ئازادیی زیاتر به‌ده‌ست بێنن، به‌شێکی زیاتر له مافه‌کانیان جێبه‌جێ ده‌بێت وده‌بنه خاوه‌ن بڕیار له ژیانی تایبه‌تیی خۆیاندا. له‌هه‌مان کاتدا هه‌ندێ ژنی کورد به‌ڕواڵه‌ت ده‌گۆڕێن و سوود له هه‌ندی ئازادی رووکه‌شیی وه‌رده‌گرن که‌چی که‌سایه‌تیان گۆڕانێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که له‌کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد‌دا ده‌ژین که رێز له تایبه‌تمه‌ندێتی که‌سه‌کان ده‌گرێ ئه‌وان له‌سه‌ر شێوازی جاران ره‌خنه له‌و ژنانه ده‌گرن که ئازادن که‌چی چ پرسیارێک له ده‌سه‌ڵاتی ره‌های پیاوانی کورد ناکه‌ن. به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌کانی که من له‌م نامه‌یه‌دا ده‌ستمکه‌وت ژنی كورد ئاسانتر له پیاو نۆرمه‌کانی که‌لتووری تازه هه‌رس ده‌کات و باشتر خۆی ده‌گونجێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه تازه‌یه‌دا. به‌ڵام ئه‌مه به مانای ئه‌وه نیه که ئه‌و چیتر کێشه‌یه‌کی نامێنێ، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت هه‌میشه هوشیاربێت به‌رامبه‌ر به‌و ریسکانهی له رێیدان و هه‌ندێ جار ناچاره به‌شێکی ژیانی تایبه‌تیی خۆی له کۆمه‌ڵگای کوردی بشارێته‌وه. بۆ نموونه جلوبه‌رگی رووت بۆ ناو کۆمه‌ڵگای کوردی له‌به‌رناکات، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی وهه‌ندێ له بیروڕاکانی خۆی له خه‌ڵک ده‌شارێته‌وه. ئه‌و ژنه گه‌نجانه‌ش که ده‌خۆنه‌وه ته‌نها له‌گه‌ڵ که‌سانی باوه‌رپێکراو ونزیکی خۆیان ئه‌م ئازادیه به خۆیان ده‌ده‌ن. به‌کورتی گه‌ر به‌ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژیانی نوێیاندا نه‌که‌ن ژنان رووبه‌ڕووی کیشه‌ی گه‌وره ده‌بنه‌وه‌و له‌وانه‌یه له هه‌ندێ حاڵه‌تدا ژیانی خۆیان له‌م گه‌مه‌یه‌دا بدۆڕێنن. پ: کێشه‌ی ژن کێشه‌یه‌کی جیهانیه، واته له زۆربه‌ی کولتووره‌کاندا چ له رۆژهه‌لات چ له رۆژئاوا مافه‌کانیان که‌م تا زۆر پێشیل ده‌کرێت. ئایا کێشه‌ی ژنانی کورد هه‌مان ئه‌و کێشانه‌یه که رووبه‌ڕوی ژنانی رۆژئاوا ده‌بێته‌وه؟ به مانایه‌کی دی ده‌مانه‌وێ قسه له‌سه‌ر لێکچوون و جیاوازی کێشه‌کانی ژن له نێوان دوو که‌لتووری جیاوازدا بکه‌ین. و: بێگومان کێشه‌ی چه‌وسانه‌وه به‌بۆنه‌ی ژێنده‌ره‌وه کێشه‌یه‌کی جیهانیه و له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ریشه‌یه‌کی کۆنی هه‌یه. به‌ڵام که‌لتووره جیاوازه‌کان تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه. له‌سه‌ره‌تادا فێمینیسته سپیه رۆژئاواییه‌کان پێیان له‌سه‌ر لێکچوونی کێشه‌کانی ژن داده‌گرت به‌ڵام ئه‌وه فیمینیسته ره‌شپێسته‌کان بوون که بۆ یه‌که‌م جار له هه‌فتاکاندا بزووتنه‌وه‌ی فێمینستییان خسته ژێر پرسیار. وه‌ک له وه‌ڵامی پرسیاری رابوردوودا باسم کرد سێکسیزم بووه رێگه‌خۆشکه‌ر بۆ راسیزم. له ئه‌ورووپا گه‌ر پیاوێکی ئه‌ورووپیی له ژنه‌که‌ی بدات وئازاری جه‌سته‌یی پێبگه‌یه‌نێت ئه‌وا ئه‌م کێشه‌یه وه‌ک کێشه‌یه‌کی تایبه‌تیی تاکه‌که‌سێک له کۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپیدا سه‌یرده‌کرێت به‌ڵام هه‌ندێجار گه‌ر ژنێکی په‌نابه‌ر یا ژنێکی ئاسیایی یا ره‌ش له‌لایه‌ن مێرده‌که‌یه‌وه ئازاریی جه‌سته‌یی بدرێت ئه‌وا ئه‌م کێشه‌یه وه‌ک كێشه‌یه‌کی که‌لتووریی سه‌یر ده‌کرێت. واته له کێشه‌ی تاکه‌که‌سێکی زاڵمه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ کێشه‌ی که‌لتوورێکی زاڵم. له ساڵی 2000 دا کاتێک فاتیمه سههیندالی کوردی تورکیا له‌لایه‌ن باوک و براکه‌یه‌وه کوژرا راگه‌یاندی سوییدی ده‌ورێکی خراپی بینی له تاوانبارکردنی که‌لتووری کوردی‌دا به گشتیی. ئه‌مه‌ش بووه هۆی کێشه‌ی تر له نێوان کۆمه‌ڵگای سویدی و کۆمه‌ڵانی کورد و موسوڵمانی تردا. هه‌ر بۆیه فێمینیسته ره‌شپێسته‌کان ده‌نگی ناڕه‌زاییان هه‌ڵبریی به‌رامبه‌ر به فێمینیسته سپیه رۆژئاواییه‌کان که له لایه‌که‌و باسی خوشکایه‌تی و هاوسه‌نگه‌ریی ژنانیان ده‌کرد که‌چی له‌لایه‌کی تره‌وه به‌دوور نه‌بوون له راسیزم و خۆ به به‌رته‌ریی زانینی مرۆڤی سپی. هه‌ندێک که‌س بڕوایان وایه که فێمینیزم له‌سه‌ره‌تادا شێوازێکی تری کۆلۆنیالیزم بوو. به‌ڵام بێگومان فێمینسته‌کان زوو له‌م کێشانه تێگه‌یشتن و دیسکۆرسی جیاوازیی له ئه‌ده‌بیاتی فێمینیستیدا خۆی ده‌رخست. هه‌ندێ جار رێزگرتن له‌م جیاوازیه بۆته مایه‌ی جۆرێکی تری راسیزم که پێیده‌گوترێ رێژه‌یی که‌لتووریی (cultural relativism). قسه‌کردن له‌سه‌ر جیاوازیی که‌لتووریی و داندان به‌وه‌دا که ژنه‌کان له که‌لتووره جیاوازه‌کاندا ره‌نگه به‌ده‌ست کێشه‌ی جیاوازه‌وه بناڵێنن هه‌ندێ جار بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی رۆژئاوا نه‌یانه‌وێ پشتیوانی له ژنێکی ئاسیایی یا ره‌ش بکه‌ن به‌بیانووی ئه‌وه‌ی که ئه‌مه کێشه‌یه‌کی که‌لتوورییه و هه‌ر ده‌بێ له‌و کهلتوورهشدا چاره‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه. لێکۆله‌رانی ئاسیایی خاتوو چۆدری له ساڵی 1996 و خاتوو باتی سینکلێر له ساڵی 1994دا دوو راپرسییان ئه‌نجام دا له‌گه‌ڵ ژنانی ئاسیایی که له به‌ریتانیا نیشته‌جێن. هه‌ردووکیان بۆیان ده‌رکه‌وت که یه‌كێک له‌و هۆکارانه‌ی ده‌بێته هۆی مانه‌وه‌ی ژنانی ئاسیایی له په‌یوه‌ندیه‌کدا که به‌رده‌وام لێدانی تێدایه ئه‌وه‌یه که ده‌زگاکانی پۆلیس و یاسا هه‌ندێک جار یارمه‌تی پێویستی ئه‌م ژنانه ناده‌ن چونکه پێیانوایه ژنه‌که سههرهنجام ده‌گه‌ڕێته‌وه لای مێرده‌که‌ی و کۆمه‌ڵگاکه‌شی له سیسته‌می به‌ریتانی زیز ده‌بێ و یارمه‌تیی ئه‌وان بۆ ژنه‌که به راسیزم له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. له کوردستاندا هه‌ندێک کێشه‌ی خێڵایه‌تیی هه‌ن که تایبه‌تن به ژنی کورد. بۆنموونه ژن به ژن، به‌خشینی کچ له خوێندا، گه‌وره به بچووک، ماره‌کردن لهسهربێشکه، هتد. هه‌ندێک کێشه‌ی تر هه‌ن که هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی جیهانی سێ‌دا، به تایبه‌تیی کۆمه‌ڵه ئیسلامیه‌کان. بۆ نموونه خه‌ته‌نه کردن، به‌زۆرو به منداڵیی به‌شوودان، کۆنترۆڵکردنی جه‌سته‌ی ژن، سنووردانان بۆ هاتووچۆ و بڕیاردان له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تیی وه‌کو مافی ژیان به ته‌نها، جیابوونه‌وه له مێرد‌و کارکردن. کێشه‌ی یاسایی وه‌ک دووژن به‌یه‌ک شایه‌ت له‌قه‌ڵه‌م دان و به‌رکه‌وتنی چاره‌کێکی سامانی ماڵه باوک له‌چاو براکانیاندا. کێشه‌ی فره‌ژنی گه‌رچی له‌لایه‌ن حکوومه‌تی کوردستانه‌وه سنووردارکراوه به‌ڵام بنه‌بڕ نه‌بووه‌و پیاوه‌کان رێگه‌ی تریان دۆزیوه‌ته‌وه بۆ خۆدزینه‌وه لێی، بۆ نموونه ژن ماره‌کردن لای مه‌لا و ترساندنی ژنی یه‌که‌م که گه‌ر شکات بکات خراپی به‌سه‌ر دێت. ژنی رۆژئاوایی توانیوێتی به‌شێکی زیاتری مافه‌کانی به‌ده‌ست بێنێت. له‌لایه‌نی یاساییه‌وه هه‌ر جۆره جیاوازییکردنێک له نێوان ژن و پیاودا قه‌ده‌غه‌یه و مافه‌کانی ژن و پیاو وه‌ک یه‌کن. بۆ نموونه یه‌کسانیی ته‌واو له‌چاوی قانوون‌دا، ئازادیی کارکردن له‌هه‌ربوارێکدا، ئازادیی سێکسیی، هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر، ماف و ده‌رفه‌تی جیابوونه‌وه له رووی یاسایی و که‌لتووریه‌وه، جیابوونه‌وه‌ی مه‌فهوومی نامووس له جه‌سته‌ی ژن، هه‌ڵبژاردنی جلوبه‌رگ. له‌هه‌مان کاتدا په‌روه‌رده‌کردنی کوڕان به‌شێوه‌یه‌ک که زیاتر ڕێز له کچانی هاوته‌مه‌نی خۆیان بگرن و چاوه‌روانیی ئه‌وه‌یان نه‌بێت که ژنان ده‌بێ به‌ته‌واویی ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ له ئه‌ستۆ بگرن. بێگومان روودانی دوو جه‌نگی جیهانیی له ئه‌ورووپا وکه‌مبوونه‌وه‌ی پیاو ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گرنگی هه‌بوو له به‌شدارییکردنی ژن له بواری کار، داهێنان و بڕیارداندا. به‌ڵام به‌داخه‌وه جه‌نگ و که‌مبوونه‌وه‌ی پیاو له کوردستاندا نه‌بووه هۆێ به‌شداربوونی ژن له بڕیار و دانانی یاسا‌و دابینکردنی هێزی کاردا. ئه‌وه‌تا ئێمه هه‌زاران ژنی ئه‌نفالمان هه‌یه که حه‌ڤده ساڵه کارده‌که‌ن تا منداڵه‌کانیان پێبگه‌یه‌نن که‌چی نه‌خوێنده‌واریی و هه‌ژاریی زۆری بۆهێنان که کرێکاری کێڵگهداران بن و تا ئێستاش هه‌م خۆیان و هه‌م دهورهبهرهکهشیان به ژنی بێده‌سه‌ڵاتیان ده‌زانن. ئه‌مه‌ش له کاتێکدا که ئه‌وان به بێ یارمه‌تی هیچ لایه‌ن و ده‌زگایه‌ک چه‌ندین جیلیان په‌روه‌رده‌کردوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ندێکه‌س کاری گرانیان پێده‌کردن و پاره‌ی که‌میان ده‌دانێ .له‌کاتی کارکردنیاندا بۆ بژێوی ژیانی خۆیان هه‌ندێ ژن تووشیی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی بوون و که‌وتنه به‌رهێرشی قسه‌ی خه‌ڵک. هه‌ندێکیان له خۆڕایی بهدناوکران و کوژران. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بیردێنێته‌وه که گه‌ر هوشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌بێت، گه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک نه‌گه‌یشتبێته ئاستێکی دیارییکراو له‌ڕووی دادوه‌ریی و ئازادیه‌وه، ئه‌و ده‌رفه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که ده‌شێ له ساتێکدا بۆ میلله‌تێک بڕه‌خسێن به ئاسانیی له‌بارده‌چن. له‌لایه‌کی تره‌وه ده‌مه‌وێ بڵێم که گه‌رچی ژنی رۆژئاوایی له چاو ژنی کورددا توانیوێتی زۆر ئازادی به‌ده‌ستبێنێت ئه‌مه به مانای ئه‌وه نیه که جیاوازیکردن به‌بۆنه‌ی ژێنده‌ره‌وه بنبڕ بووه له رۆژئاوا. بۆ نموونه له به‌ریتانیا پاش کۆڵینه‌وه له ده‌رامه‌تی ساڵانه‌ی ژن و پیاو ئاشکرابوو که به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ژنان له‌سه‌دا هه‌شتای ده‌رامه‌تی پیاوان وه‌رده‌گرن ئه‌گه‌رچی هه‌مان پله‌ی خوێندنیان ته‌واوکردبێت. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆیه‌ک: یه‌که‌م، هه‌ندێ ژن به‌و کارانه رازین که له خوارتواناو ئه‌زموون و پله‌ی خوێندنیانهوهیه. ره‌نگه ئه‌مه به‌شێکی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت که ژنان که‌متر باوه‌ڕیان به تواناکانی خۆیان هه‌یه هه‌ر بۆیه به که‌متر رازی ده‌بن و به‌شێکیشی ره‌نگه به‌هۆی ئه‌وه‌وه بێت که مامۆستا، بۆ نموونه، پشووی زیاتری هه‌یه و ژنی مامۆستا کاتێکی زۆرتری بۆ ده‌مێنێته‌وه له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا. دووهه‌م، ژن به‌بۆنه‌ی منداڵبوونه‌وه له بواری کاردا زوڵمی لێده‌کرێ. بۆ نموونه گه‌ر دوو مامۆستای زانکۆ که هه‌مان پله‌ی خوێندن، ئه‌زموونی کار و ساڵی خزمه‌تیان هه‌یه داوای هه‌مان به‌رزبوونه‌وه‌ی پله (ترفیع) بکه‌ن و یه‌کێکیان ژنێکی گه‌نج بێ ئه‌وا خاوه‌ن کار ئیشه نوێکه ده‌داته پیاوه‌که چونکه دڵنیایه له‌وه‌ی که گه‌ر پیاوه‌که منداڵیشی ببێت پشوو نادات و غائیب نابێت له کاتێکدا ژنه گه‌نجه‌که ره‌نگه ساڵێک ئیجازه وه‌رگرێت. به‌ڵام سیسته‌می رۆژئاوایی به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازی و نایه‌کسانیانه ده‌کات. بۆ نموونه ئێستا گه‌ر ژنوپیاوێک بریاربده‌ن که ژنه‌که پاش منداڵبوون به‌رده‌وام بێت له کارکردن‌دا ئه‌وا به‌پێی یاسا پیاو بۆی هه‌یه ساڵێک ئیجازه وه‌رگرێ و له‌جیاتی ژنه‌که‌ی منداڵ به‌خێوبکات. ئه‌وه‌ی که گرنگه له‌بیرمان نه‌چێت ئه‌وه‌یه که له سیسته‌میی رۆژئاوایی‌دا نایه‌کسانیی ره‌گه‌زیی و ژێنده‌ریی هه‌ندێجار به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی له هه‌ندێ بواردا کارده‌که‌ن به‌ڵام ده‌زگا چالاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌رده‌وام زۆر بۆ حکوومه‌ت دێنن که به‌ر له‌م جیاوازیانه بگرێ و یاسای تازه به‌رهه‌مبێنێت که له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می هاوچه‌رخ و ئاڵۆزیهکانیدا بگونجێ. هه‌ر ئه‌مڕۆ رێکخراوێک که داکۆکی له مافی په‌نابه‌ران ده‌کات په‌یوه‌ندیان به منه‌وه کرد تا ناوی خۆم بخه‌مه پاڵ ئه‌و چارتهرهی نووسیویانه‌و ده‌یانه‌وێ پێشکه‌ش به حکومه‌تی به‌ریتانیی بکه‌ن تا جه‌خت له‌سه‌ر مافی په‌نابه‌ر بکاته‌وه‌و به زمانێکی پۆزهتیفتر قسه له‌سه‌ر په‌نابه‌ران بکات. چۆنێتی به‌کارهێنانی زمان گرنگیه‌کی بێئه‌ندازه‌ی هه‌یه بۆ مامه‌ڵه کردن له‌گه‌ڵ کێشه‌کاندا. فێمینیسته‌کان به‌رده‌وام جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه کردۆته‌وه‌و نووسینێکی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر زمانی سێکسیست (sexist language) چونکه به‌کارهێنانی به‌رده‌وامی راناوی نێر (he, his, him) له رسته‌کاندا که ساڵه‌های ساڵ له رۆژئاوا کاریپێده‌کرا ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گرنگی سایکۆلۆژیی هه‌بوو به‌سه‌ر توانای وێناکردنی خه‌ڵکدا. بۆ نموونه هه‌موو کاره گرنگه‌کان و سیفه‌ته باشه‌کان له نائاگای خه‌ڵکدا به پیاوانه‌وه به‌سترابونه‌وه. پاش به‌ئاگاهاتن سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌یه به‌کارهێنانی راناوی مێ (she, her) له‌رسته‌دا ره‌واجی زیاتره. بۆ نموونه کاتێک له دۆکیومه‌نت و نووسراوه ره‌سمیه‌کاندا باسی دوکتۆر، سه‌رکرده، مامۆستا، به‌رێوه‌به‌ر و هتد ده‌کرێت هه‌وڵده‌درێت له رسته‌کاندا راناوی نێر‌و مێ به‌هه‌مان رێژه به‌کاربهێنرێت تا ئه‌و کێشه‌یه له نائاگای که‌سدا دروستنه‌بێت که هه‌ر که وشه‌ی (دوکتۆر، ئه‌ندازیار، کارمه‌ند، هتد) یان بیست یه‌کسه‌ر بیر له پیاوێک بکه‌نه‌وه. گه‌رچی له زاراوه‌ی کوردیی سۆرانی‌دا راناوی نێرومێ به‌وجۆره نیه به‌ڵام زمانی سێکسیست به شێوازێکی ترخۆی ده‌رده‌خات. بۆ نموونه ئێسته‌ش له‌هه‌ندێ شوێن ژنان به زه‌عیفه، باڵشکاوو بێده‌سه‌ڵات ناوده‌به‌ن و پیاوانیش به به‌هێز و به‌توانا. وشه‌ی پیاو بۆخۆی به‌سه بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵک کۆمه‌ڵێک سیفه‌تی پۆزه‌تیفیان بیربێته‌وه، بۆ نموونه له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێن: (به‌خوا مرۆڤێکی باشه) ده‌ڵێن: (به‌خوا پیاوه). وشه‌ی (مرۆڤ) یه‌کسان ده‌که‌ن به وشه‌ی (پیاو) بۆ نموونه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێن: (مرۆڤ ناتوانێ...) ده‌ڵێن: (پیاو ناتوانێ..). که یه‌کێک ترسنۆک و دڵناسك بێ ده‌ڵێن: (ئه‌وه که‌ی پیاوه، ئه‌وه ژنه). به‌هه‌مان شێوه له راگه‌یاندنی به‌ریتانیدا وشه‌ی په‌نابه‌ر له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک وشه‌ی تردا ئه‌وه‌نده به‌کارهێنراوه که له نائاگای خه‌ڵکدا ئه‌م وشه‌یه بارگاوی بووه به: ساخته‌چی، درۆزن، دز و تێرۆریست. هه‌ربۆیه کۆمه‌ڵێک رێکخراو داکۆکی ده‌که‌ن له په‌نابه‌ران به‌وه‌ی که هه‌ر چیرۆکێکی نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر په‌نابه‌ران له رۆژنامه‌کاندا بڵاوبێته‌وه لێیدهکۆڵنهوهو ده‌چنه بنج و بناوانی. گه‌ر چیرۆکه‌که ناڕاست بێت شکات له رۆژنامه‌که ده‌که‌ن. ئه‌م ئاگاییه به‌رامبه‌ر به په‌یوه‌ندی نێوان شێوازی به‌کارهێنانی زمان و چه‌وساندنه‌وه گرنگیه‌کی بێئه‌ندازه‌ی هه‌یه و ده‌بێ کاتێک ده‌مانه‌وێ هاوکێشه‌کانی نایه‌کسانی له‌ناوبه‌رین شێوازی به‌کارهێنانی زمانمان له‌بیر نه‌چێت. پ: نازانم تا چه‌ند ئاگاداری کاری رێکخراوی ژنانی له کوردستاندا. ئه‌مڕۆ چه‌ندان رێکخراوی ژنانمان هه‌یه که له بواری کێشه‌ی ژن‌دا که‌م تا زۆر چالاکن. په‌یوه‌ندیت به‌م رێکخراوانه‌وه چۆنه و تێبینی و سه‌رنجت له‌سه‌ر شێوازی کارکردنیان چیه؟ به مانایه‌کی تر کێشه‌و گرفته‌کانیان چۆن ته‌ماشا ده‌که‌ی؟ و: سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێم که من تائه‌م دواییه په‌یوه‌ندیه‌کی راسته‌وخۆم به‌م رێکخراوانه‌وه نه‌بووه. به‌شێکی له‌به‌رئه‌وه‌ی که من کهمترسهردانی وڵاتم کردوه بۆیه په‌یوه‌ندیم به‌گشتی له‌گه‌ڵ دام و ده‌زگا کوردیه‌کانی ناوخۆدا که‌مه. به‌ڵام ئاگاداریی ئه‌و کۆنفرانس وکۆبوونهوانهم که له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڕێوه ده‌چن. له دوا کۆنفرانس‌دا که مانگی چواری 2005 له سوید سازدرا و سه‌باره‌ت به ژنی کورد‌و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوو له باشووری كوردستان گه‌لێک خۆشحاڵبووم که بینیم چه‌ندین رێکخراوی چالاکی ژنان به‌شداریان كرد. له‌پاش راپه‌ڕین، دامه‌زراندنی حکومه‌تی کوردستان ودهستکورتبوونی رژێمی به‌عس بوارێکی باشی ره‌خساند بۆ ده‌ستبه‌کاربوونی ژنانی کورد و چالاکبوونیان بۆ داکۆکیکردن له مافه‌کانیان. من گه‌ڵیک به‌و شیڵتهرو سه‌نته‌رانه خۆشحاڵم که بۆ پارێزگاریکردن له‌و ژنانه دامه‌زراون که ژیانیان له‌لایه‌ن ئه‌ندامی نێری خێزانه‌که‌یانه‌وه له مه‌ترسیدایه. له کۆنفرانسێکی تردا که پۆلیسسی به‌ریتانی له مانگی 3ی 2005دا له له‌نده‌ن رێکیخست تا گفتوگۆیه‌ک له‌سه‌ر کوشتن به‌ناوی نامووسه‌وه ده‌ستپێبکات، به بۆنه‌ی دوکتۆر نه‌زه‌ند بهگیخانیهوه من ژنێکی کوردم بینی که براکه‌ی 5 گوله‌ی پێوه‌نابوو. رێکخراوێکی ژنان بۆ چه‌ند مانگێک په‌نای ئه‌م ژنه‌یان دا تا سه‌ره‌نجام توانیبوویان له وڵاتێکی ئه‌ورووپی مافی په‌نابه‌ریی بۆ وه‌رگرن. بێگومان چه‌ندین ژنی له‌م جۆره هه‌ن که له‌لایه‌ن رێکخراوی ژنانه‌وه یارمه‌تیان دراوه‌و ژیانیان پارێزراوه. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها یه‌ک لایه‌نی ئه‌و کارانه‌یه که ژنان و ئافره‌تانی کورد توانیویانه جێبه‌جێی بکه‌ن. جگه له‌م شه‌ڵته‌رانه ئه‌م رێکخراوانه چه‌ندین خزمه‌تگوزاریی تریان پێشکه‌ش به ژنی کورد کردوه. بۆ نموونه ده‌رفه‌تی مه‌شقکردن، سووڕی فێربوونی کۆمپوتهرو زمانی ئنگلیزی، شوێنی وه‌رزشی تایبه‌ت به ژنان و هه‌روه‌ها ئاگادارکردنه‌وه‌ی ژنانی شار‌و گونده‌کان له مافه یاساییه‌کانیان. ئه‌وه له‌ئه‌نجامی خه‌باتی سه‌رسه‌خت و کارکردنی به‌رده‌وامی ژنانه‌وه بوو که حکوومه‌تی کوردستان له ساڵانی 2000 و 2001دا هه‌ندێ مادده‌ی یاسای عیراقی بۆ کاروباری مه‌ده‌نی گۆڕی و فره‌ژنی قه‌ده‌غه‌کرد مه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تی تایبه‌تیدا نه‌بێت. به‌ڵام وه‌ک پێشتر باسمکرد پیاوان توانیویانه به رێیه‌کی ترپهره به فره‌ژنی بده‌ن که ئه‌مه‌ش ده‌بێ له‌لایه‌ن حکوومه‌تی کوردستانه‌وه چاری بۆ بدۆزرێته‌وه. له‌ئێستادا کێشه‌کانی ژنی کورد بێئه‌ندازه ئاڵۆزن و رێکخراوی ژنان له‌سه‌ر چه‌ندین ئاستی جیاواز کار له‌گه‌ڵ ژنان ده‌که‌ن. بۆ نموونه کارکردن له‌سه‌ر باشکردنی بژێویی ژنی هه‌ژارو بێوه‌ژنه‌کانی جه‌نگ و ئه‌نفال، یارمه‌تیدانی ئه‌و ژنانه‌ی ده‌یانه‌وێت کاربکه‌ن به دابینکردنی کۆرس و مه‌شقی جیاواز‌و یارمه‌تیدانی ئه‌و ژنانه‌ش که کاربۆخۆیان ده‌که‌ن به دابینکردنی شوێن بۆ فه‌رش چنین، دروستکردنی خواردن و جلووبه‌رگی کوردی و فرۆشتنیان، وشیارکردنه‌وه‌ی ژن سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی و به‌خێوکردنی منداڵ، ئاگادارکردنه‌وه‌ی له ماف‌و ئه‌رکه‌کانی و هه‌ندێ جاریش کارکردن له‌گه‌ڵ خێڵ و عه‌شره‌تدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی به‌زۆر به‌شوودان، له‌خوێندا به‌خشینی کچ و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن. به‌بڕوای من ژنی کورد توانیوێتی هه‌نگاوی گه‌وره بنێت به‌ره‌و قسه‌کردن له‌سه‌ر کێشه‌کان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنیان. هه‌ڵبه‌ته له سه‌ره‌تادا یه‌کێک له کێشه‌کانی ئه‌م رێکخراوانه حیزبی بوونیان بوو. هه‌ریه‌که له‌م رێکخراوانه سه‌ر به حیزبێک بوون و به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه که‌متر له‌گه‌ڵ یه‌کدا هاوکارییان ده‌کرد. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌ندێک له‌م رێکخراوانه توانیویانه ئه‌م سنووره ببه‌زێنن و پێکه‌وه کاربکه‌ن. له‌لایه‌کی تریشه‌وه کاری پێکه‌وه‌یی له وڵاتی ئێمه‌دا شتێکی تازه‌یه. به‌پێچه‌وانه‌ی رۆژئاواوه که منداڵ له قوتابخانه‌وه چاوه‌ڕێی لێده‌کرێ پرۆژه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌کانی پێشکه‌ش بکات ئێمه دره‌نگ ده‌ست به‌م کاره ده‌که‌ین و ئه‌مه‌ش کاتی ده‌وێ. به‌بڕوای من یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ی پێویسته رێکخراوی ژنان زیاتر گرنگیی پێبده‌ن کارکردنه له‌گه‌ڵ منداڵدا. سیسته‌می خوێندنی ئێمه هێشتا که‌موکووڕیی زۆری تێدایه سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده‌ی منداڵ بۆئه‌وه‌ی له مافه‌کانی ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری تێبگات، رێزله بیرورای به‌رامبه‌ره‌که‌ی بگرێت و به چه‌مکی یه‌کسانی، دیموکراسی، ئازادی و دادپه‌روه‌ریی ئاشنابێت. له‌وانه‌یه رێکخراوی ژنان باشترین ده‌زگا بن که بتوانن له‌ڕیی دابینکردنی ۆرکشۆپی به‌رده‌وام بۆ قوتابخانه‌کانه‌وه کارێکی گه‌وره بکه‌نه سه‌ر باشترکردنی ژیانی ژن له داهاتووداو ژیانی مرۆڤی کورد به‌گشتی. من بۆخۆم وه‌ک نووسه‌رێک له به‌ریتانیا گه‌ڵێک ۆرکشۆپم له‌گه‌ڵ منداڵان کردوه له ئنگلستان و سکۆتله‌نده. له‌م ۆرکشۆپانهدا له‌ڕێی شیعر‌و چیرۆکه‌وه منداڵه‌کان ده‌بزوێنم تا بکه‌ونه را گۆڕینه‌وه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر کێشه‌یه‌ک یا چه‌مکێک، بۆ نموونه جیاوازیی که‌لتووریی و ره‌گه‌زیی، چه‌وسانه‌وه‌ی منداڵی بچووک به‌ده‌ست منداڵی گه‌وره‌وه، رێزگرتن و چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ بێڕێزیدا، تێگه‌یشتن له کێشه‌کانی پهنابهربهگشتی و منداڵی په‌نابه‌ر به‌تایبه‌تی. ئه‌م جۆره کارکردنه ده‌رفه‌تێک بۆ منداڵان ده‌ڕه‌خسێنی که قسه بکه‌ن و گوێ له یه‌کتریی بگرن، فێری گفتوگۆبن له‌سه‌ر کێشه‌کان و چۆنێتی داکۆکی کردن له بیرورای خۆیان، فێری ئه‌وه بن که ده‌شێ به‌شێکی حه‌قیقه‌ت لای ئه‌وانی تر بێت و فێرده‌بن له سه‌رچاوه‌و مانای نۆرم و بیروڕا باوه‌کانی که‌لتووره‌که‌یان بکۆڵنه‌وه. ده‌شێت کارکردن له گه‌ڵ منداڵدا ته‌نها گه‌ره‌نتیه‌ک بێت که ژیانی نه‌وه‌کانی داهاتوو له ئێمه باشتر ده‌بێت. پ: تۆ زۆربه‌ی نووسینه‌کانت به ئنگلیزیه، دواهه‌مین کاریشت وه‌رگێڕانی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌ی شێرکۆ بێکه‌سه بۆ ئنگلیزی. تا ئیستا چیت به ئنگلیزی بڵاوکردۆتهوهووهک نووسه‌رێک چۆن قسه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی خۆت به زمانه‌وه ده‌که‌ی؟ و: پێش هه‌موو شتێک ده‌مه‌وێ به کورتی باسی میژووی نووسینی خۆم بکه‌م و ئنجا دوایی دێمه سه‌ر نووسینه تازه‌کانم و په‌یوه‌ندیم به زمانه‌وه. من له‌ته‌مه‌نێکی منداڵدا ده‌ستم به نووسین کرد به زمانی کوردی. سه‌ره‌تا چیرۆکم ده‌نووسی وهه‌ندێ له چیرۆکه‌کانم له گۆڤاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا بڵاوبوونه‌وه. ته‌مه‌نم بیست ساڵ بوو که ده‌ستم به شیعرنووسین کرد ولهم کاته‌شدا له به‌ریتانیا ده‌ژیام. بۆ ماوه‌یه‌ک له‌سه‌ره‌تای ئه‌م گوێزانهوهیهدا له چیرۆکه‌وه بۆ شیعر هه‌رچیم ده‌نووسی نه له چیرۆک ده‌چوو نه شیعر، ره‌نگه باشتر وابێ ناویان بنێین په‌خشانه شیعر. ئه‌وه عه‌شق بوو که سه‌ره‌نجام منی کرد به شاعیر. وه‌ک ئه‌وه‌ی ساڵههابێ چاوه‌ڕیی شیعرم کردبی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه شیعرم ئاماده بوو بۆ چاپ. ئه‌م کۆمهڵهیهم ناونا (گه‌ڕانه‌وه‌ی بێ بیره‌وه‌ری) که له ساڵی 1996دا ژماره‌یه‌کی که‌می لێ چاپ بوو. پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه بۆم ده‌رکه‌وت که کتێب بڵاوکردنه‌وه له تاراوگه ئاسان نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زگای په‌خشێکی ئه‌وتۆ نیه که بتوانێت کتێبه‌که بگه‌یه‌نێته ده‌ست خوێنه‌ری په‌رته‌وازه‌ی کورد له وڵاته رۆژئاواییه‌کان و کوردستاندا. ئه‌وسا بارودۆخی کوردستان گه‌لێک ناهه‌موار بوو. به‌بۆنه‌ی گرانیی و براکوژیه‌وه سه‌ردانی وڵات ئاسان نه‌بوو. بۆیه کاتێک که کتێبی دووهه‌مم چاپ بوو له ساڵی 1988دا بریارم دا گه‌شتێکی هونه‌ریی بکه‌م بۆ پایته‌ختی ئه‌و وڵاته ئه‌ورووپیانه‌ی که خه‌ڵکی کوردی لێ نیشته‌جێن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته په‌یوه‌ندیم به کۆمه‌ڵیك سه‌نته‌ری کوردیه‌وه کرد له به‌ریتانیا (مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیریی کوردی)، سوید (کتێبخانه‌ی کوردی)، ئه‌ڵمانیا (ئاوه‌دانیی)، هۆڵه‌ندا (میدیا) و نه‌مسا (سه‌نته‌ری کوردی). پاش کۆمه‌ڵێک نامه گۆڕینه‌وه ئه‌م سه‌نته‌رانه رازی بوون هاوکاریم بکه‌ن به دابینکردنی شوێن بۆ کۆڕه‌کان وریکلام کردن. له‌م کاته‌دا له کۆلیژی کوینس، زانکۆی ئۆکسفۆرد، فه‌لسه‌فه‌و ده‌روونناسیم ده‌خوێند و هه‌ر ئه‌وانیش پاره‌ی سه‌فه‌ره‌که‌یان خهڵاتکردم. بڕیارم دا که نه‌ک ههرکۆڕی شیعربۆخۆم و ئه‌و ژنه شاعیره کوردانه سازبکه‌م که له ئه‌ورووپا ده‌ژین به‌ڵکو هه‌وڵبده‌م به‌رهه‌می هونه‌ریی تری ژنانی کورد نمایش بکرێت. بۆیه پیشانگایه‌کی هونه‌ری ته‌شکیلیی و فۆتۆگرافیی 6 ژنی کوردم له‌گه‌ڵ خۆمدا گێرا که به‌رهه‌می پرشنگ وهرزهندهگان، تریفه ئه‌نوه‌ر، زوهره موفتیزاده، مه‌هاباد ئه‌حمه‌د، حۆری و خۆمی تێدابوو. له‌هه‌مان کاتدا نیگار حه‌سیب به شانۆیه‌ک به‌شداریی له کۆڕه‌که‌ی ڤیه‌نادا کرد و له له‌نده‌نیش تارا جاف به مۆسیقاوگۆرانی. کۆڕی یه‌که‌م له له‌نده‌ن ده‌ستی پێکردو له‌وێوه به شه‌مه‌نده‌فه‌ر سه‌فه‌رم کرد بۆ ستۆکهۆڵم، به‌رلین، ئه‌مستردام و ڤیه‌نا. شاعیره‌کان بریتیبوون له نه‌زه‌ند به‌گیخانی، دڵسۆز حه‌مه، مه‌هاباد قه‌ره‌داخی، تیشکه محه‌مه‌دپور و خۆم. پاش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌کانی تر ئه‌م زنجیره کۆڕهمان ناونا (من و ناسنامه). ئه‌م کۆڕانه له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگای کوردی ئه‌و شارانه‌وه پێشوازیه‌کی گه‌رمیان لێ‌کرا، گه‌لێک کتێب فرۆشراو دواتر سه‌دایه‌کی باشی دایه‌وه. میدیا تیڤیش کۆره‌که‌ی ستۆکهۆڵمی له مانگی 9س ساڵی 1998دا په‌خشکرد. له‌م کۆڕانه‌دا گه‌رچی هه‌ندێ هاوڕێی هونه‌رمه‌ندی پیاو یارمه‌تیان داین و داوامان لێکردن کۆڕه‌کانمان بۆ پێشکه‌شبکه‌ن (لاوک ئه‌حمه‌د له له‌نده‌ن، هیوا قادر‌و عه‌دنان که‌ریم له ستۆکهۆڵم، شه‌ماڵ عومه‌ر له ڤیه‌نا) به‌ڵام به لای منه‌وه زۆر گرنگ بوو که پلاتفۆرمه‌که تایبه‌ت بێت به نمایش‌کردنی به‌رهه‌می هونه‌ریی ژنی کورد. به‌شێکی ئه‌م بریاره په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بوو که له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ند ژنێکی کورد له تاراوگه کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌میان چاپکرد که‌چی له هیچیه‌ک له گۆڤار‌و رۆژنامه کوردیه‌کانی تاراوگه‌دا باسیان نه‌کرا. ئه‌مه له‌کاتێکدا که زۆربه‌ی ئه‌و گۆڤارانه چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کیان هه‌بوو تایبه‌ت به هه‌واڵی هونه‌ری و رانانی کتێبی کوردی تازه. کاتێک په‌یم به‌م بێده‌نگیه برد بڕیارم دا که نمایش‌کردنی به‌رهه‌می ژن بکه‌مه ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی کۆڕه‌کانی (من و ناسنامه). به‌بڕوای من نه‌خوێندنه‌وه‌و قسه نه‌کردن له‌سه‌ر به‌رهه‌می ژنانی نووسه‌ر له‌وساڵانه‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی سێکسیزمی هه‌ندێ له‌و رۆشنبیره پیاوانه بوو که ده‌سته‌ی نووسه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاره‌کان بوون. هه‌ندێک له‌م نووسه‌رانه کتێبی یه‌کترییان راده‌نا و پشتیوانی یه‌کتریان ده‌کرد که‌چی بێده‌نگ بوون له ئاست داهێنانی ژناندا. من بۆخۆم پاش کۆمه‌ڵێک به‌رکه‌وتنم له‌گه‌ڵ هه‌ندێ پیاوی نووسهرداو به‌تایبه‌ت پاش شاره‌زابوون له لووتبه‌رزیی هه‌ندێکیان ودان به‌که‌سدا نهنانیاندا گه‌لێک بێزار‌و تووڕه بووم. به‌ڵام هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت که من پێویستم به پشتگیری و رازیبوونی ئه‌وان نیه بۆ به‌رده‌وام بوون له نووسیندا. له‌لایه‌کی تره‌وه من له رێگه‌ی خوێندنی زانکۆ‌و خوێندنه‌وه‌وه به زمانی ئنگلیزی، له‌کاتی تێکهڵبوونمدا له‌گه‌ڵ بازنه هونه‌ریه‌کانی له‌نده‌ن ده‌رگایه‌کی ترم له‌سه‌ر کرایه‌وه. له به‌ریتانیا من به‌جیهانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی هونه‌ریی، ترادیسیۆنێکی جیاواز و زمانێکی نوێ ئاشنابووم. سه‌ره‌تا بیرم له وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌کانم کرده‌وه بۆ زمانی ئنگلیزی به‌ڵام هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت که وه‌رگێڕانی هه‌نه‌ریی ته‌نها پرۆسه‌ی وه‌رکێڕانی زمانه‌وانیی نیه به‌ڵکوده‌بێ وشیاربین به‌رامبه‌ر به جیاوازیی که‌لتوریی، وشیاربین به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی که هه‌ندێ جار له که‌لتووره جیاکاندا وشه‌یه‌ک بارگاویی بووه به کۆمه‌ڵیك مانای پۆزه‌تیف یا نێگه‌تیڤ که ره‌نگه لای ئێمه‌ی تازه ئاشنا به زمانه‌که ئاشکرا نبێت. بۆ نموونه ره‌نگی سپی له کوردی‌دا په‌یوه‌ندی به ئاشتی و پاکیه‌وه هه‌یه به‌ڵام له ئنگلیزیدا به‌پله‌ی یه‌که‌م ده‌لاله‌ته بۆ ره‌گه‌زی سپی. دوا ریزی یه‌کێک له شیعره‌کانم ده‌ڵێ: ده‌بێ فێربین ره‌نگه جیاکانمان خۆشبوێ. لهئنگلیزیدا (ره‌نگه جیاکان) هێمایه بۆ ره‌گه‌زه جیاکانی ره‌ش، سپی، سورپێست و هتد. جگه له‌مه‌ش ترادیسیۆنی شیعری کوردی و ئنگلیزی گه‌لێک جیاوازن. شیعری کوردی وێنه‌ی ئه‌بستراکت و هه‌ستی زیاتری تێدایه و ئاڵۆزتره له شیعری هاوچه‌رخی ئنگلیزیی که به‌سه‌رزاره‌کی ساده دیاره. بۆیه بۆ ماوه‌یه‌ک کێشه‌م هه‌بوو له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی شیعره‌کانی خۆمدا و سه‌ره‌نجام وازم له‌م کاره هێنا. به‌ڵام به‌بۆنه‌ی به‌هێزبوونی زمانی ئنگلیزیهوهو خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی به‌ریتانیه‌وه شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستم کرد به نووسین به زمانی ئنگلیزی. ئه‌م گوێزانه‌وه زمانه‌وانیه به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی روویدا چونکه بێگومان ئه‌و زمانه‌ی که زیاتر به‌کاریدێنین و پێی ده‌خوێنینه‌وه ده‌بێته زمانی بیر‌و خه‌یاڵمان. منیش به‌بۆنه‌ی خوێندن وخویندنهوهمهوه به‌زمانی ئنگلیزی و به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی به‌شی زۆری رۆژه‌کانم به ئنگلیزی ده‌دوێم ئه‌م زمانه بۆته زمانێکی ئه‌کتیڤ و سه‌ره‌کی له‌لام. من پێشتریش، کاتێک له ئێران ده‌ژیام و به‌زمانی فارسی ده‌مخوێنده‌وه هه‌ندێ جار به فارسی ده‌منووسی. به‌بڕوای من زمان مۆسیقایه و گه‌ر ئه‌م مۆسیقایه ببێته به‌شێک لێمان و له‌ناخماندا جێی خۆی بکاته‌وه ئه‌وا ده‌توانین پێی بنووسین. هاوکات له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی گۆڕینی زمانی نووسینمدا له کوردیه‌وه بۆ ئنگلیزی بۆم ده‌رکه‌وت که خه‌ڵکی رۆژئاوا به‌گشتیی نه‌ک هه‌ر تێگه‌یشتنێکی ئه‌وتۆیان نیه بۆکێشه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا به‌ڵکو به‌ته‌واویی بێ‌ئاگان له ئه‌ده‌بی کوردی. بۆم ده‌رکه‌وت که له‌به‌رئه‌وه‌ی زمان، که‌لتوورو ناسنامه‌ی کوردیی ساڵه‌ها له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچووندا بووه نووسه‌ری کورد به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه ئه‌م زمان و ناسنامه‌یه په‌ره پێبدات و بیپارێزێ له ئه‌گه‌ریی لاوازبوون و له‌ناوچوون. ره‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌ش بێت که نووسه‌ری کورد له تاراوگه که‌متر هه‌وڵیداوه به زمانی ئه‌و وڵاتانه بنووسێت یان هیچ نه‌بێت ئه‌ده‌بی کوردی وه‌رگێڕێته سه‌ر ئه‌م زمانانه. لایه‌نێکی تری کێشه‌که‌ش ره‌نگه ئه‌وه بێت که کۆمه‌ڵگای کوردی کۆچکردوو بۆ ئه‌م وڵاتانه جارێ گه‌نجه و هێشتا تازه نه‌وه‌ی دووهه‌م خه‌ریکه په‌روه‌رده ده‌بێت. بۆیه من به پێویستم زانی که له‌گه‌ڵ کاره‌کانی خۆمدا هه‌وڵبده‌م هه‌ندێ به‌رهه‌می کوردی وه‌رگێڕمه سه‌ر ئنگلیزی. ده‌ربه‌ندی په‌پووله یه‌که‌مین کتێبه که من وه‌رمگێڕاوه‌و له ژماره چواری سێهه‌م زنجیره‌ی گۆڤاری 'شیعری هاوچه‌رخ له وه‌رگێراندا' (Modern Poetry in Translation) که ره‌نگه باشترین گۆڤاری وه‌رگێران بێت له به‌ریتانیا چاره‌کێکی ئه‌م به‌رهه‌مه بڵاوکرایه‌وه له‌گه‌ڵ پێشهکیهکدا. به‌هه‌مان شێوه له ژماره 95:4ی (زستانی 2006) گۆڤاری پۆوێتری ریڤیوشدا (Poetry Review) که قوتابخانه‌ی شیعر له له‌نده‌ن چاپی ده‌کات وه‌رگێڕانی شیعری (سه‌عات کڕێوه‌ی عه‌سرێک)ی دلاوه‌ر قه‌ره‌داخی بڵاوکرایه‌وه. له‌م چوار ساڵه‌ی دواییدا شیعره ئنگلیزیهکانم له کۆمه‌ڵێک گۆڤار‌و که‌شکۆڵدا بڵاوکرانه‌وه‌و له‌ساڵی 2004 یشدا چاپخانه‌ی بڵهداکس (Bloodaxe) یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه شیعریان به زمانی ئنگلیزی بۆ چاپکردم. به‌هیوام سه‌رجه‌می وه‌رگێرانی ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌ش له ساڵی داهاتوودا چاپ ببێت. له‌ئێستاشدا خه‌ریکی نووسینی رۆمانێکم به ئنگلیزی. هیوادارم له‌م دوو- سێ ساڵه‌ی داهاتوودا نامه‌ی دوکتۆراکه‌م چاپ ببێت و باسه‌که‌ی ئهنفالیشم بکه‌مه کتێبێکی ئه‌کادیمی تر.
|