Home | News | Biography | Publications | Research | Gallery | Audio/Visual | Links |
چاوپێکه‌وتن حه‌مه کاکه ره‌ش، ئه‌نفال، 2008 کوردستانی نوێ، 4304، 26/6/2007
وتار بۆسنه دوانزهمههین ساڵیادی جینۆساید ده‌کاته‌وه، ئاوێنه کوشتنی ناموسپه‌رستیی، ئاوێنه مه‌رگی دۆعا چیمان پێ ده‌ڵێت؟ ئاوێنه خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ (پێنهلۆپه ده‌چێ بۆ جه‌نگ)ی ئۆریانا فالاچی، مه‌ڵبه‌ند
چیرۆک |
چوارده ساڵیی له گۆڤاری مامۆستای کورد-دا بڵاوبۆته‌وه. ژماره 24 و 25. 1995. سوید نامۆبوونی کچێک له ته‌مه‌نی چوارده ساڵیدا سته‌مه. چوارده ساڵیی سه‌ره‌تای پێگه‌یشتن و تێگه‌یشتنه. له‌وانه‌یه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مانه‌ش بێت که نه‌گبه‌تیه‌کانی هه‌ر کچێک له‌م ته‌مه‌نه‌وه ده‌ست پێده‌کات. کچێکی به جه‌سته گه‌وره‌و به مێشک منداڵ و ساده‌و خه‌یاڵاویی. له‌م ته‌مه‌نه‌دا حه‌ز ده‌که‌ی هه‌موو شتێک تاقی بکه‌یته‌وه. ناته‌وێ گوێ له (وا مه‌که، خراپه) بگری، ده‌ته‌وێ بیکه‌یت تا بزانی بۆ خراپه. ده‌ته‌وێ ببینی و ببیستی و تێبگه‌ی. تێکه‌ڵ به خه‌ڵک بی و بیانناسیی. حه‌ز ده‌که‌ی چه‌ندین سه‌عات بێ سوودو بێهووده سه‌یری سروشت بکه‌یت چونکه تازه تێگه‌یشتووی که چه‌ند جوانه و چه‌ند جێی سه‌رنجه. پێشتر بێ بیرکردنه‌وه یاریت کردووه، سه‌یری ده‌وروبه‌رت کردوه به‌ڵام لات گرنگ نه‌بووه چۆنه. شێوه‌کان به‌سه‌ر خه‌یاڵتا خزاون و تازه حه‌ز ده‌که‌ی به‌ناو دارستاندا بڕۆی تا له پاییزدا گه‌ڵات به‌سه‌ردا بڕژێنێ. تازه ده‌بینی خۆر که ئاوا ده‌بێت چه‌ند دڵگیرو مه‌سته. تازه ده‌زانی شه‌وان له پشت په‌نجه‌ره‌ی شیش به‌نده‌وه سه‌یری ئهستێرهکردن چ تامێکی هه‌یه. تازه هه‌ست به تام و چێژی هه‌موو شته‌کان و ئینسانه‌کان ده‌که‌ی. خه‌ریکه له جیهانی گه‌وره‌کانیش نزیک ده‌بیته‌وه بۆیه ورده ورده هه‌ست به سۆزێکی تایبه‌تی ده‌که‌ی به‌رامبه‌ریان که پێشتر هه‌ستت پێ نه‌کردووه. جاروبار له‌پڕ شه‌پۆلێک ژیانی نوێ ده‌ڕژێته خوێنتهوهو شادت ده‌کات- ده‌سته‌کانی دایکت ماچباران ده‌که‌ی، له په‌نجه‌ره‌ی زیندانهکهتهوه سه‌یری ده‌ره‌وه ده‌که‌یت و له خۆشی‌دا گۆرانی ده‌ڵێی. کاتێک په‌نجه‌ره‌کان دهکیتهوهو له‌پڕ شنه‌بایه‌کی نه‌رم سه‌روقژت تێکدهشێوێنێ له خۆشی‌دا هه‌ڵده‌په‌ڕی و هه‌ڵده‌به‌زیته‌وه. ئای که دڵت به‌م گه‌وره‌بوونه خۆشه و که خۆت به گه‌وره ده‌زانی! چه‌ندین جار له ئاوێنه‌کاندا سه‌یری خۆت ده‌که‌یت و پێده‌که‌نی. دڵت خۆشه و له خۆت ناپرسی بۆ. تازه تۆ گه‌وره بوویت، ده‌زانی گه‌وره‌بوون چی ده‌گه‌یه‌نێ؟ واته ئیتر ده‌توانی تا به‌ره‌به‌یان له‌گه‌ڵ خوشکه گهورهکانتدا دانیش و گوێیان لێ بگری، جاران نه‌یانده‌هێشت و ده‌یانوت: (بڕۆ بخه‌وه، تۆ منداڵی). ئیتر وا ناڵێن. چیتر دایکت رێت لێ ناگرێت کاتێک حه‌ز ده‌که‌ی چێشت لێنێی، پێت ناڵێت: (خۆت ده‌سووتێنی، بڕۆ به‌ولاوه). براکانت ئیتر لێت تووڕه نابن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چاره‌کێک له‌لای هاوڕێکه‌ت دره‌نگ که‌وتووی. ئیتر وه‌ک جاران هه‌موو شتێک قه‌ده‌غه نیه. به‌ندو کۆته‌کان که‌م بوونه‌ته‌وه چونکه گه‌وره بووی. ئه‌وه‌تا باڵات دوو په‌نجه له باڵای دایکت به‌رزتره. کاتێک به‌ڕێدا ده‌ڕۆی هه‌ست ده‌که‌ی جێگه سه‌رنجی هه‌موو خه‌ڵکی، وه‌ک کچێکی گه‌نجی جوان سه‌یرت ده‌که‌ن، ئیتر بێبه‌ش نیت له ورده نیگا‌و زه‌رده‌خه‌نه‌و قسه خۆشه‌کانی کوڕان، وابوویته شاژنێکی شۆخ. هه‌موو ئه‌م خه‌یاڵانه شادت ده‌که‌ن، دنیا به جۆرێکی تر ده‌بینی. هه‌سته‌کانت گه‌رچی شڵه‌قاون و گۆڕاون به‌ڵام تازه و ناسک و گه‌شن. هه‌ست به گورجوگۆڵی ده‌که‌ی. هه‌ست ده‌که‌ی ته‌می خه‌یاڵێک ده‌وری گرتووی و به شێوه‌یه‌کی زۆر ناسک بیر له ئاینده ده‌که‌یته‌وه. نه‌خشه‌ی گه‌وره ده‌کێشی بۆ داهاتوو. بڕیار ده‌ده‌ی که‌سێکی گه‌وره‌و ناسراو بی. هه‌زاران جار به دووچاوی پڕ له فرمێسکه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڕێکانت به‌ڵێن و په‌یمانی گه‌ش ده‌گۆڕیه‌وه. په‌له‌ته رۆژگار تێپه‌ڕێ تا تۆ خۆت دروست بکه‌ی و بۆ هه‌موان بسه‌لمێنی که گه‌وره‌بووی. ئاخ که گه‌وره‌بوون خۆشه. له ڕێزی کچه گه‌وره‌کاندا وه‌ستان! به ناسکی هه‌نگاونان و له‌به‌رکردنی جلی جوان و له پێکردنی پێڵاوی به‌رز، جانتا له شان کردن و سووراو کردن... دواجار دهسڵهمیتهوه: (نا نا، هێشتا زۆرم ماوه بۆ ئه‌م شتانه) به‌ڵام هه‌ر پێده‌که‌نی و ده‌ڵێی: باشتر! به‌س نیه هه‌موو ئه‌مانه له ئاینده‌دا دێن، به‌س نیه پیر نه‌بوویت و هه‌موو ئه‌م پله خۆشانه‌ت تێنه‌په‌ڕاندووه. به‌ڵام رۆژ له دوای رۆژ خه‌یاڵه‌کانت به‌با ده‌چن. له‌م ته‌مه‌نه‌دا چه‌پۆکی هه‌موانت له‌سه‌ره: دایکت، باوکت، خوشکوبراکانت، هه‌ندێ جار خاڵ و مام و پوور‌و منداڵه‌کانیشیان دێنه مه‌یدانه‌وه‌و بۆیان هه‌یه حوکمت به‌سه‌ردا بکه‌ن، له‌جیاتی تۆ بڕیار بده‌ن، لێت تووڕه بن و گاڵته به خه‌یاڵه‌کانت بکه‌ن. هه‌رکه‌سێ گه‌وره‌تر بێ بۆی هه‌یه کۆشکی خه‌یاڵه‌کانت بڕووخێنێ. هه‌ر یه‌که ده‌یه‌وێ به‌و جۆره بی که خۆی به دڵێتی، هه‌ریه‌که به جۆرێک ئامۆژگاریت ده‌کات، هه‌موو باسی خۆیانت بۆ ده‌که‌ن که له ته‌مه‌نی تۆدا بوون. شه‌وان به‌سه‌رسوڕمانه‌وه تێده‌گه‌ی که ئه‌و رۆژه هه‌موو لێت تووڕه بوون و به خه‌یاڵی خۆیان رێی راستیان پیشان داوی، که‌چی هه‌موو قسه‌کان و بیروڕایان به پێچه‌وانه‌ی یه‌که‌وه بووه. هه‌ریه‌که له‌سه‌ر شتێک لێت تووڕه بووه. گه‌ر خهمباربووبن خه‌مه‌که‌ی خۆیان به تۆ رشتووه، گه‌ر شاد بووبن گاڵته‌یان پێ کردووی و پێت پێکه‌نیون. گریانت بۆ خۆت دێت. به‌سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌ڵێی: (به قسه‌ی کامیان بکه‌م؟ هه‌ر یه‌که داوای شتێکم لێ ده‌کات.) ئه‌م سه‌رسوڕمان و ئه‌بڵه‌ق بوونه زۆر ده‌خایه‌نێت. بێده‌نگ گوێ له هه‌موویان ده‌گری و قسه‌کانیان لێک ده‌ده‌یته‌وه. بێگومان هه‌تا ئه‌گه‌ر به دڵیشت نه‌بێت و به راستیان نه‌زانی بۆت نیه ناڕه‌زایی ده‌ربڕی: (تۆ مناڵی، هیچ نازانی). له‌پڕ ده‌بینی چه‌ند کاته دڵت به‌وه خۆش بووه که له‌مه‌ودوا ئه‌م قسه‌یه‌ت پێ نه‌ڵێن که‌چی دیسان له هه‌موویانی ده‌بیستی. هه‌ندێکیان به نه‌رمی پێت ده‌ڵێن: (تۆ دڵپاک و ساده‌ی، دنیات نه‌دیوه...). هه‌ندێکیشیان زۆر به رهقیهوه هاوارت به‌سه‌ردا ده‌که‌ن: (تۆ که‌ری! بێئه‌قڵی، مێشکت کای تیایه.) له‌پڕ رۆژێک شۆڕشێک له ناختا به‌رپا ده‌بێت، بڕیار ده‌ده‌ی به قسه‌ی که‌سیان نه‌که‌ی چونکه ده‌یانه‌وێ سهرشێتت بکه‌ن. حه‌زناکه‌ی گوێیان لێ بگری، کاتێک قسه‌ت بۆ ده‌که‌ن گۆرانی ده‌ڵێی یان هه‌وڵ ده‌ده‌ی بیر له خه‌یاڵه خۆشه‌کانت بکه‌یته‌وه‌و گوێت له قسه ره‌قه‌کانیان نه‌بێت. بۆ ده‌بێ وا بێ؟ خوشکه گه‌وره‌کانت هه‌میشه پێت ده‌ڵێن: (تۆ له ئێمه ناچی، که‌سمان وه‌ک تۆ چه‌نه‌باز و بێئه‌قڵ نه‌بووین). دایکت پێت ده‌ڵێت: (تا ئێسته له هیچ کچێکم نه‌بیستووه حه‌زی له پیاسه بێت، چه‌تیو! بۆ وا سه‌ر به‌ده‌رو شێتی؟) کاتێک له شادیا قاقا پێده‌که‌نی باوکت به تووڕه‌ییه‌وه له ژووره‌که‌ی خۆیه‌وه هاوارده‌کات: (حیلکه حیلک چه‌تیو، خۆ ئه‌سپ نیت). کاتێک هه‌موو قسه ده‌که‌ن و تۆش ده‌ته‌وێ قسه بکه‌ی و رای خۆتیان پێ بڵێی براکانت پێت ده‌ڵێن: (بێده‌نگ به، تۆ هیچ نیت له‌م ماڵه‌دا). ئاخ که زاڵمن! ئاخر بۆچی؟ گوناهی تۆیه که حه‌ز له پیاسه‌و باران و به‌فر ده‌که‌ی؟ چه‌ند به حهسرهتهوهی ئێواره‌یه‌ک کاتێك باران به لێزمه ده‌بارێت به‌سه‌ر شه‌قامه درێژه‌که‌دا پیاسه بکه‌یت تا ته‌ڕته‌ڕ ده‌بی. چه‌ند حه‌زت لێیه به‌و به‌فره نه‌رمه شه‌ڕه تۆپه‌ڵێک له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی دراوسێتان بکه‌ی. ده‌ته‌وێ جاربه‌جار بچیته لای هاوڕێکانت و پێبکه‌نی به‌ڵام هه‌میشه دایکت ده‌ڵێت: (ئێوه له به‌یانیه‌وه تا ئێواره له مه‌کته‌ب پێکه‌وه‌ن، باسی چی ئه‌که‌ن؟ ئه‌م حه‌کایه‌ته نه‌بڕایه‌وه؟) به‌ڵێ زۆربه‌ی کات هه‌موو ده‌ست به یه‌ک ده‌که‌ن و دژی ئاره‌زووه‌کانت ده‌وه‌ستن: پیاسه‌کردن نیه، چوونه لای كچان نیه، هه‌ڵپه‌ڕکێ و قاقای پێکه‌نین نیه، یاری کردن عه‌یبه، ته‌مه‌ڵیی له ئیشی ماڵدا نیه، بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ر شتێک پێویستی به قسه‌ی تۆ نیه، تۆ نابێ هیچ له‌و شتانه بکه‌یت که خۆت ده‌ته‌وێ، ده‌بێ ئه‌وه بی که ئه‌وان ده‌یانه‌وێ. دایکت ده‌یه‌وێ ئاغرو سه‌لار بی و له ئیشی ماڵدا بیحهسێنیتهوه. خوشکه‌کانت ده‌یانه‌وێ که‌م پێبکه‌نی و ئه‌وه‌نده نه‌چیته به‌ر ئاوێنه‌که. براکانت ده‌یانه‌وێ چوونه لای هاوڕێکانت ته‌رک بکه‌ی. له‌پڕ کاتێک بیر له‌م هه‌مووه ده‌که‌یته‌وه ده‌ته‌قیته‌وه، ده‌گریت و ده‌گریت و ده‌زریکێنی. به هاوار و زریکه و گریان قسه په‌نگ خواردوه‌کانی دهروونتیان پێ ده‌ڵێی. گه‌رچی له‌وانه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م جۆره ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه دایکت قسه‌ت پێ بڵێت و براکانت لێت بده‌ن و هه‌موو لێت تووڕه بن به‌ڵام به‌هه‌ر جۆرێک بێ تێ‌یان ده‌گه‌یه‌نی که نابێ وا بێ. ناتوانی ئه‌م هه‌مووه بگریته خۆت. هه‌ندێ جار له‌پڕ به‌زه‌ییان پێتا دێته‌وه‌و ده‌ڵێن: (تۆ خوشکی بچووکمانی، چۆن خۆشمان ناوێی؟) هه‌ریه‌که به جۆرێک خۆشه‌ویستی خۆیت بۆ ده‌رده‌بڕێ و جاروبار گه‌ر یه‌کێکیان لێت تووڕه بێ ئه‌و تر پشتت ده‌گرێ و یارمه‌تیت ده‌دات. بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا گه‌وره‌کان ده‌به‌خشی، به پێکه‌نینه‌وه له دڵی خۆتدا ده‌ڵێی: (نازانن چۆن پێم بڵێن، ته‌نها حه‌ز ده‌که‌ن من له هه‌موو که‌سێک باشتر بم). دڵنیای که وایه و بۆیه ئه‌م بهزمانهت پێ ده‌گێڕن تا که‌س نه‌توانێ له ده‌ره‌وه‌ی ماڵی خۆتان ره‌خنه‌ت لێ بگرێت. ده‌یانه‌وێ تێت بگه‌یه‌نن که کچ له‌م ته‌مه‌نه‌دا ده‌بێ له هه‌موو کاتێک زیاتر وریا و بێده‌نگ و ئاقڵ بێت چونکه هه‌موو چاوه پیسه‌کان ئاراسته‌ی کراون. کچێکی منداڵی جوانی ساده هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی ئاسانه، شکاندن و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی زۆر گران نیه. تۆزێک خۆ هیلاک کردنی ده‌وێ تا وای لێ بکه‌ی بڕوات پێ بکات و که دڵنیا بوو لێت ئیتر زۆر ساده دڵی خۆیت بۆ ده‌کاته‌وه‌و ده‌بیته ئازیزی. هه‌موو ئه‌مانه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که کۆمه‌ڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا دوژمنی کچانه. دایکت حه‌ز ناکات زوو زوو خۆت بگۆڕی و سه‌یری ئاوێنه بکه‌ی چونکه له ژنه‌که‌ی دراوسێتانی بیستووه که به کچه‌که‌ی ئهوبهرتان ده‌ڵێ: (ئه‌ڵێی فلفلی تێکراوه، گڕی گرتووه‌و هه‌ر خه‌ریکی خۆیه‌تی). باوکت حه‌ز ناکات پێبکه‌نی چونکه له پیاوانی بیستووه که چی ده‌ڵێن کاتێک ده‌بینن کچێک به کوڵ و به ده‌نگی به‌رز پێده‌که‌نێت. براکانت نایانه‌وێ زۆر بچیته ده‌ره‌وه چونکه کوڕان ده‌ناسن و ده‌زانن که زۆر چوونه ده‌ره‌وه‌ت رێ بۆ ده‌ست درێژکردنیان ئاسان ده‌کات. خوشکه‌کانت نایانه‌وێ گوێ له قسه‌کانیان بگری تا زۆرزان و شه‌یتان ده‌رنه‌چی چونکه که‌س کیژۆڵه‌یه‌کی خۆش ناوێ که به ئه‌ندازه‌ی سه‌ره‌ژنێک بزانێت. بڕاو به هه‌موو ئه‌مانه ده‌هێنی به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌پڕ له‌م ته‌مه‌نه گه‌شه‌دا نامۆببی و له هاوڕێیان و خزمان و قوتابخانه‌که‌ت و ئازیزه‌کانت دابڕێی ده‌بێته سته‌مێکی گه‌وره. چونکه جگه له‌م هه‌موو لێک دابڕان و ته‌نیاییه دیسان زیاتر رێگریت لێده‌که‌ن و هه‌موو جۆره شادیهکت لێ زه‌وت ده‌که‌ن: (ئێره سه‌قزه، سلێمانی نیه!) چه‌ند راستیه‌کی تاڵ و ناخۆشه: (سه‌قزه!) واته ئه‌و کۆمه‌ڵه نیه که تۆ ده‌تویست و خه‌ریک بوو له‌گه‌ڵی رادههاتی، ئێره کۆمه‌ڵێکی داخراوتر، بچووکتر و ته‌نگتره. هه‌موو شتێک دیاره. هیچ جۆره ئازادیه‌ک نیه. تازه ده‌بێ ببیته له‌چک به‌سه‌رو مانتۆ له‌به‌ر، ئیتر هه‌تا له‌ناو ماڵیشدا ناتوانی ته‌نووره له‌به‌رکه‌ی و قاچت دیار بێت. ته‌نانه‌ت ناتوانی بلووزی قۆڵ کورتیش له‌به‌ر بکه‌ی. ئیتر ماڵه پوور و خاڵ و مامیش نه‌ماوه زوو زوو خۆتی پیاکه‌ی. ژووری ته‌نیاش نه‌ماوه. ئاواره‌ییه و ده‌بێ به که‌مترین شت رازی بی. تهمهڵییش ته‌واو، میوان زۆره‌و ده‌بێ هه‌ر به پێوه بی. ئیتر نابێ هه‌ر به دووجار ببیته هاوڕێی کچێک و دڵتی له‌لا بکه‌یته‌وه. تۆ له وڵاتێکی تره‌وه هاتووی و هه‌موو دراوسێیان و کچانی گه‌ڕه‌ک چاویان له‌سه‌رته و حه‌ز ده‌که‌ن بزانن تۆ چیت. حه‌ز ده‌که‌ن تاقیت بکه‌نه‌وه‌و بتناسن تا دوایی ئه‌گه‌ر به دڵیان نه‌بووی له‌ناو کۆمه‌ڵه ژن و منداڵی به‌رده‌رگادا قسه‌ت پێ بڵێن. هه‌موو شتێک گۆڕاوه، قوتابخانه‌ش به زمانێکه که تۆ لێی تێناگه‌ی. له ده‌رسه‌کاندا ده‌گریت چونکه هیچ نازانی، مامۆستاکانیش هه‌ندێ جار دهتڕووخێنن و پێت ده‌ڵێن: (بۆ خۆت هیلاک ده‌که‌ی؟ تازه ئه‌مساڵ ده‌رناچی.) سه‌قز به‌ته‌واوی که‌شێکی تره‌و ده‌بێ له‌گه‌ڵی رابێی. له سه‌ره‌تاوه ده‌بێ به بێ هاوڕێ ده‌ست پێبکه‌ی، بخوێنی، هه‌وڵ بده‌ی ئه‌م شاره سه‌یره بناسی و تێی بگه‌ی تا بتوانی خۆشت بوێت. ده‌بینی باره‌کانت زیادیان کردووه و قورس بوون. له ئێسته‌وه رۆژگار ده‌ستی پێ کردووه‌و ده‌یه‌وێ پێت بڵێت که داهاتوو ئه‌و خه‌یاڵه نیه که تۆ ده‌یچنی، داهاتوو هه‌میشه له خه‌یاڵ ناخۆشترو راستتره. ئه‌مه یه‌که‌مین وانه‌یه له‌م ته‌مه‌نه بچووکه‌دا، ئه‌گه‌ر تیایدا ده‌رچووی و سه‌رکه‌وتوو بووی له‌وه‌ودوا هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌ی سه‌رکه‌وتوو بی به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چووی و تێنه‌گه‌یشتی، جگه له خه‌م و ڕووخان به ناچاریی ده‌بێ دیسان هه‌وڵ بده‌یته‌وه چونکه تۆ ته‌نها چوارده ساڵی. ده‌ته‌وێ هه‌میشه سه‌رکه‌وتوو بی، حه‌ز ناکه‌ی له که‌سه ژێر که‌وتووه‌کان بی. بۆیه قۆڵی لێ هه‌ڵده‌که‌ی و ده‌ڵێی: (نامۆیی چیه! ئینسانه‌کان هه‌ر وه‌ک یه‌کن و خاکیش هه‌ر یه‌ک بۆنی لێ دێ، گرنگ ئه‌وه‌یه له هه‌ر شوێنێک بم بتوانم به راستی خۆشم بوێ و وای لێ بکه‌م خۆشی بوێم). هه‌ر له‌م قسه‌یه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که سه‌ره‌نجام لێره‌ش ژیانێکی باش دروست ده‌که‌ی. بڕۆ! داهاتووت ڕوونه و چوارده ساڵیش ساڵی خۆشتری به‌دوادا دێت. 14/8/1992
|