Home | News | Biography | Publications | Research | Gallery | Audio/Visual | Links |
چاوپێکه‌وتن حه‌مه کاکه ره‌ش، ئه‌نفال، 2008 کوردستانی نوێ، 4304، 26/6/2007
وتار بۆسنه دوانزهمههین ساڵیادی جینۆساید ده‌کاته‌وه، ئاوێنه کوشتنی ناموسپه‌رستیی، ئاوێنه مه‌رگی دۆعا چیمان پێ ده‌ڵێت؟ ئاوێنه خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ (پێنهلۆپه ده‌چێ بۆ جه‌نگ)ی ئۆریانا فالاچی، مه‌ڵبه‌ند
چیرۆک |
چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ کوردستانی نوێ چی وای لێکردیت لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ژن و ئه‌نفال بکه‌یت؟ ئه‌وه سه‌یرکردنی دۆکیومهنتهریهکانی سه‌ته‌لایته کوردیه‌کان بوو له‌سه‌ر ئه‌نفال که وای لێکردم بیر له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه بکه‌مه‌وه. له ئه‌نجامی سه‌یرکردنی ئه‌م به‌رنامانه‌وه هه‌ندێک پرسیارم لا دروستبوو سه‌باره‌ت به گوزه‌رانی ژنان له‌کاتی ئه‌نفال و دوای ئه‌نفالدا. لای من پرسیار بوو که ئاخۆ ئافره‌تان له زیندانه به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا چۆن توانیان به‌رده‌وامی به ژیان بده‌ن؟ ئایا له‌م کاته قه‌یراناویه‌دا یارمه‌تیدانی یه‌کتر هه‌بوو، ئه‌گه‌ریش هه‌بوو چ شێوازێکی ده‌گرته خۆی؟ ئاخۆ ئه‌وان به له‌به‌رچاوگرتنی بێ جلوبه‌رگی و نه‌بوونی پاکوته‌میزیی، له کاتی بێنوێژیی، منداڵبوون و نه‌خۆشیدا چیان ده‌کرد؟ ئه‌زمووی ئه‌و ژنانه‌ی منداڵیان له‌بارچوو یا منداڵیان له زینداندا مرد چۆن بوو؟ ئایا چۆن خۆیان له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژیی جنسیی ده‌پاراست؟ ئایا ژنان چۆن باسی له‌ده‌ستدانی مێرد‌و باوک و براکانیان ده‌که‌ن؟ چۆن یادیان ده‌که‌نه‌وه؟ كام چیرۆکانه بۆ منداڵه‌کانیان ده‌گێڕنه‌وه‌و له کامانه‌ش ده‌یانپارێزن؟ پاش کاره‌ساتی ئه‌نفال ئایا كێ یارمه‌تیدان تا ژیانێکی نوێ دروستبکه‌نه‌وه؟ كێ سوودی لێوه‌رگرتن وکێشه‌ی بۆ زیادکردن؟ ئایا ئه‌م هه‌موو ژنه نیمچه خوێنده‌وارو نه‌خوێنده‌واره چۆن توانیان له‌گه‌ڵ ژیانی شاردا خۆیان بسازێنن، کاربدۆزنه‌وه؟ چ کارێکیان ده‌کرد؟ منداڵه‌کانیان چۆن په‌روه‌رده‌کرد؟ ئایا کۆمه‌ڵگای کوردیی چۆن له‌م ئافره‌تانه ده‌ڕوانێت؟ ئێمه ده‌زانین که چیرۆکی زاڵ (dominant narrative) سه‌باره‌ت به ئه‌نفال (مه‌به‌ستم ئه‌و چیرۆکه مێژووییه‌یه که ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک بهرههممانهێناوه) له کۆمه‌ڵێک فاکت و چه‌مکی جیاواز پێکهاتوه. بۆ نموونه 182،000 قوربانیی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان (ژماره‌یه‌ک که لێكۆڵینه‌وه ئه‌کادیمیه‌کان پێمانده‌ڵێن زیاده‌ڕه‌ویی تێداکراوه)، وێرانکردنی 4،000 گوند (به‌پێی لێكۆڵینهوهکهی شۆڕش حاجی ره‌سوول که له‌لایه‌ن چاودێری مافی مرۆڤه‌وه په‌سه‌ند کراوه ژماره‌ی ئه‌و گوندانه‌ی له‌کاتی ئه‌نفالدا وێرانکران نزیکه‌ی 2،200 بوو)، وه هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی به‌ربڵاوی چه‌کی کیمیایی، له‌ناوبردنی ژێرخانی ئابووریی گونده‌کان و تاڵان‌کردنی سه‌روه‌ت و سامانی دانیشتوانیان، تێکشکاندنی شۆڕشی کوردیی، جینۆسایدکردنی خه‌ڵکی کورد، هتد. ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆکه باوه‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که به‌شێکی زۆری ئه‌زموونی ژنان له‌کاتی ئه‌نفالدا نه باسده‌کرێت و نه گرنگیی پێده‌درێت. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ئافره‌تانی ده‌ربازبووی ئه‌نفال به‌به‌رده‌وامیی له‌لایه‌ن که‌ناڵه جیاکانه‌وه چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵداده‌کرێت و له‌لایه‌ن رۆشنبیر‌و هه‌ڵسووڕاوه‌کانی بواری مافی مرۆڤ و سیاسیه‌کانه‌وه باسده‌کرێن. هه‌روه‌ها به‌لامه‌وه گرنگ بوو که ژنانی ده‌ربازبووی ئه‌نفال له‌م گوتاره به‌کۆمه‌ڵه‌دا چۆن نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێن، کام به‌شه‌ی ئه‌زموونه‌کانیان به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمیی رێی پێده‌درێ ببێته به‌شێک له چیرۆکی زاڵ له‌سه‌ر ئه‌نفال و کام به‌شانه‌ش پشتگوێخراون. فێمینیسته‌کان زۆرجار جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه که کاتێک چیرۆکه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌هۆنرێنه‌وه به‌شێکی زۆری ئه‌زموونی ژنان به گرنگ دانانرێن. سه‌لما لهیدهسدۆرفی هۆڵه‌ندیی ده‌ڵێت که ئه‌وه گوێگرتن له 'ده‌نگی شاردراوه‌ی' ژنان و گرووپه چه‌وساوه‌کانی تره که وامان لێده‌کات پرسیار له بابه‌تییبوونی (objectivity) مێژوو بکه‌ین. ئێمه ده‌زانین که مێژوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌نووسرێت، جا ده‌سه‌ڵاتداران پیاو بن یا ره‌گه‌زو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست (سپیه‌کان له جیهاندا، عه‌ره‌به‌کان له عێراقدا). هه‌ر بۆیه هه‌میشه کۆمه‌ڵێك که‌س یا گرووپ ده‌که‌ونه په‌راوێزی مێژووه‌وه و ئه‌زموون و گرفته‌کانی ئه‌وان له مێژوودا نوێنه‌رایه‌تیی ناکرێت. هه‌میشه ده‌نگی گرووپی باڵاده‌ست (واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی مێژوو ده‌نووسن) ده‌نگه‌کانی تر وه‌لاده‌خات و تێڕوانین و راڤه‌کردنی گرووپی باڵاده‌ست بۆ رووداوه‌کان به‌سه‌ر ده‌نگ و تێڕوانینی گرووپه‌کانی تردا زاڵه. ئه‌م زاڵبوونه‌ش بۆ خۆی ده‌ره‌نجامی تری هه‌یه. جۆوان رینگلهایم که لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر هۆلۆکۆست و ژێنده‌ر ئه‌نجامداوه باس له‌وه ده‌کات که شێوازی نووسینه‌وه‌و یادکردنه‌وه‌ی کاره‌ساته مێژووییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به دوو شێوه کاریگه‌ریی هه‌یه بۆ سه‌ر ئه‌زموونی ئافره‌تان. یه‌که‌م، ژنان، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێکی زۆری ئه‌زموونه‌کانیان له یاده‌وه‌ریی ئه‌و کاره‌ساته‌دا پشتگوێخراوه پێیان وایه ئه‌زموونه‌کانیان چ گرنگیه‌کان نیه بۆ ئه‌و مێژووه‌و زۆرجار بێده‌نگ ده‌بن سه‌باره‌ت به کێشه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان وه‌کو ژن له‌کاتی ڕوودانی کاره‌ساته‌کاندا. رینگلهایم باسی ئافره‌تێکی ده‌ربازبووی هۆلۆکۆست ده‌کات که زیاد له سی-چل ساڵ پاش هۆلۆکۆست ده‌چێت بۆ لای رینگلهایم تا باسی ئه‌زموونه‌کانی خۆی بکات. ئه‌و له‌کاتی هۆلۆکۆستدا له‌لایه‌ن خێزانێکه‌وه شاردراوه‌ته‌وه‌و زۆر جار له‌لایه‌ن خزم و که‌سی ئه‌م خێزانه‌وه له‌ڕووی سێکسیه‌وه هه‌راسانکراوه. ئه‌م ژنه که هه‌رگیز پێشتر باسی ئه‌زموونه‌کانی خۆی بۆ که‌س نه‌کردوه به‌رده‌وام له رینگلهایم ده‌پرسێت که ئاخۆ ئه‌م کێشه تایبه‌تیانه‌ی که ئه‌و له‌وکاته‌دا تووشیان بووه هیچ گرنگیان هه‌یه بۆ مێژووی هۆلۆکۆست؟ ئه‌و گومانی هه‌یه که ئه‌زموونه‌کانی ئه‌و گرنگیان هه‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له مێژووی هۆلۆکۆستدا تا ساڵی هه‌شتاکان هیچ گرنگیی به کێشه تایبه‌تیه‌کانی ژن له‌کاتی کاره‌ساته‌که‌دا نه‌درابوو. دووهه‌م، رینگلهایم ده‌ڵێت که به‌گرنگ-دانه‌نانی ئه‌زموونی ژنان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌وان سه‌ره‌نجام بیره‌وه‌ریه جیاوازه‌کانی خۆیان، که له گوتاری فه‌رمیدا گرنگیی پێ‌نادرێت، ورده ورده فه‌رامۆش بکه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ش به‌شێکی مێژوو که سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساتانه‌یه که به‌سه‌ر ئافره‌تان دێت ورده ورده له‌ناوده‌چێت. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵێکه بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و بیره‌وه‌ری و ئه‌زموون و چیرۆکانه‌دا که له گوتاری فه‌رمیی ئه‌نفالدا ره‌نگه گرنگیه‌کی ئه‌وتۆی پێنه‌درابێت. هه‌وڵێکه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌نگه شاردراوه‌کانی ئه‌نفال و رزگارکردنیان له یادچوونهوه. به‌هیوای ئه‌وه‌ی که چیرۆکی مێژوویی ئه‌نفال نوێنه‌رایه‌تی ئه‌زموونی ژنانیش بکات. ماوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ت چه‌ندی خایاندووه، ئاکامه‌کانی چی بوون و ئه‌و سه‌رچاوانه چین که به‌کارتهێناون؟ ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ بوو‌و له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌کی ئه‌کادیمی به‌ریتانیه‌وه، واته لیڤهرهیوم تره‌ست (Leverhulme Trust)، پشتگیریی دارایی لێکراوه. له ساڵی یه‌که‌مدا خۆم له‌گه‌ڵ جینۆساید‌و میکانیزمه‌کانی ئاشناکرد، به تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌و ره‌خنه‌و راڤهکردنهکانی هێلن فاین (Helen Fein)و لیۆ کووپه‌ر(Leo Kuper) بۆ ئه‌و پێناسه‌یه‌ی جینۆساید که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ساڵی 1948دا له‌سه‌ری رێکه‌وتن. هه‌روه‌ها خۆم له‌گه‌ڵ کاره‌کانی ئه‌و فێمینیستانه ئاشناکرد که خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێیان بۆ کاره‌ساته مێژووییه جیاکان و بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی توندوتیژیی سیاسی له‌سه‌ر ژیانی ژن و ئاکامه‌کانی بێده‌نگی ئافره‌تان هه‌بووه وه‌ک ڤینا داس (Veena Das)، جۆان رینگلهایم (Joan Ringleheim)، رۆنی لێنتن (Roni Lentin)، و سه‌لما لهیدسدۆرف (Selma Leydesdorff) و له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌و لێکۆڵینه‌وه ده‌روونیانه‌ی سه‌باره‌ت به ئاکامه سایکۆلۆژیه‌کی توندوتیژیی سیاسیی ئه‌نجامدراون. بێگومان لێکۆڵینه‌وه‌که زۆر دوورودرێژه‌و من لێره‌دا ده‌رفه‌تی باسکردنی هه‌موو خاڵه‌کانم نیه بۆیه ته‌نها باسی دوو ئاکامی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه ده‌که‌م: یه‌که‌م: به‌بۆنه‌ی جه‌ختکردنه سه‌ر کوشتنی به‌کۆمه‌ڵ، جینۆساید‌و قڕکردن له کاتی ئه‌نفالدا ئه‌زموونی ژنانی ده‌ربازبوو به‌که‌م داده‌نرێت و گرنگیه‌که‌ی ئه‌وتۆی پێ نادرێت. له‌ڕاستیدا به‌که‌م سه‌یرکردنی ئه‌زموون و کێشه‌کانی ئافره‌تان شتێکه که له هه‌موو جیهاندا رووده‌دات به‌ڵام ره‌نگه له کۆمه‌ڵگایه‌کی باوکسالاریی وه‌ک کوردستاندا ئه‌مه گه‌لێک به‌رچاوتر بێت. ئه‌وه ڕاسته که زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که له‌ئه‌نفالدا تیاچوون پیاوبوون به‌ڵام نه‌مردنی ژنان به‌و مانایه نیه که ئه‌وان بێ ئه‌زموونی تاڵ ده‌ربازبوون. لانگه‌ر (1998:362) که باسی پیاوێک ده‌کات که له هۆلۆکۆستا ژن و منداڵ و دایک و باوکی له‌ده‌ست داوه ده‌پرسێت: (ئایا ره‌وایه که خۆشحال بین به‌وه‌ی که ئه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوبووو ده‌یتوانی کار بکات نه‌مرد له‌کاتێکا که سه‌رتاسه‌ری خێزانه‌که‌ی تیاچوو؟ پێم وایه ئه‌م پیاوه که ده‌گریی به‌مه رازی نابێت.) له‌کاتی چاوپێکه‌وتنمدا له‌گه‌ڵ ده‌ربازبوانی ئه‌نفال بۆم ده‌رکه‌وت که ره‌نگه لای هه‌ندێک ئافره‌تی ده‌ربازبوو (خۆشبه‌ختانه ئه‌مه هه‌موان ناگرێته‌وه) مه‌رگ ئاسانتربێت له مانه‌وه‌و ئه‌زموونکردنی ئه‌و هه‌موو تاڵیه‌ی دوای ئه‌نفال. ژنێک به منی گوت: (ئینسان نامرێت... که ڕۆح ده‌رنه‌چێت خۆبهزۆر نیه، به‌زۆره؟). زۆر ژن له‌کاتی ئه‌نفالدا منداڵیان له‌ده‌ستدا. به‌بۆنه‌ی برسێتی و نه‌خۆشیه‌وه منداڵه‌کان زۆرترین قوربانی زیندانه‌کان بوون. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، سه‌ره‌ڕای بینینی زه‌لیلبوون و ئه‌شکه‌نجه‌دران و له‌ناوچوونی مێرد‌و براو باوکه‌کانیان، ئافره‌تانی ئه‌نفال مانه‌وه تا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی تردا رووبه‌ڕووببنه‌وه. به‌شێکی زۆری ژنه‌کان هه‌ست به گوناه ده‌که‌ن که منداڵه‌کانیان له‌به‌ر نه‌داری و بێکه‌سی ناچاربوون کار بکه‌ن و نه‌یانتوانیوه خوێندن ته‌واوبکه‌ن. دایک له هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا ئه‌و که‌سه‌یه که ده‌بێت منداڵ له مه‌رگ، نه‌خۆشی، برسێتی و چه‌وسانه‌وه بپارێزێت و پشتیوانی له منداڵه‌که‌ی بکاته تا داهاتوویه‌کی باش بۆ خۆی دابینبکات له رێگه‌ی خوێندن و په‌یداکردنی کاری باشه‌وه. ئه‌م چاوه‌ڕوانیه کۆمه‌ڵایه‌تیه له ژنان فشارێکی گه‌وره‌یان ده‌خاته سه‌ر و وایان لێده‌کات هه‌ست به گوناه بکه‌ن کاتێک له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ک بێت نه‌توانن ئه‌م چاوه‌ڕوانیانه جێبه‌جێبکه‌ن. شایه‌دحاڵه‌کان به‌رده‌وام باسی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ژاری و دایکایه‌تیان بۆ من ده‌کرد. زۆریان کاتێک باسی (ئه‌وه‌ی به‌بڕوای ئه‌وان) که‌موکورتیه‌کانی خۆیان ده‌کرد وه‌ک دایکێک له ئاست منداڵه‌کانیاندا، ده‌گریان. زۆر ژن هه‌ست به گوناه ده‌که‌ن که نه‌یانتوانیوه خه‌رجی قوتابخانه‌ی منداڵه‌کانیان بده‌ن، که رۆژ تا ئێواره ناچاربوون کار بکه‌ن و منداڵه‌کانیان بێکه‌س و بێ سه‌رپه‌رشت به‌جێهێشتوه، که زۆرجار له هه‌ژارییدا له منداڵه‌کانیان تووره‌بوون، منداڵه‌کان برسیی بوون، بێئه‌وه‌ی که‌سێک شتێکی یاریان بۆ بکڕێت، زۆریان له قوتابخانه و گه‌مه‌و بێباکیهکانی منداڵی بێبه‌شبوون و ئێسته‌ش له‌به‌ر نه‌خوێنده‌واری ده‌رامه‌تیان که‌مه‌و کاره‌کانیان ئاستی نزمه: (هه‌موو موسته‌قبه‌لیان فه‌وتا.) به‌ڵام ئه‌وه که‌موکوڕی ئه‌وان نه‌بوو که وای کرد به‌شێكی زۆری منداڵه‌کانیان له رووی ئابوریه‌وه چینی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا پێک‌بێنن. گرنگه که کۆمه‌ڵگای کوردی به‌و ئافره‌تانه بڵێت که ئه‌وان کارامه‌ترین دایکه‌کانی وڵاتی ئێمه‌ن چونکه توانیویانه به‌بێ یارمه‌تی پیاو و حکوومه‌تی کوردستان چه‌ندین نه‌وه منداڵی کورد په‌روه‌رده‌بکه‌ن. هه‌ندێک ژنی تر که ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته سه‌ر (گه‌رچی که‌سیان به ئاشکرا هێمایان به‌مه نه‌کرد) ئاره‌زووی مه‌رگ ده‌که‌ن. ژنێک وتی که خۆزگه خۆی و هه‌موو منداڵه‌کانی بمردنایهو ئه‌و (شته ناخۆشه)ی به‌سه‌ر نه‌هاتایه. ژنێکی تر که به‌بۆنه‌ی جموجۆڵهکانیهوه ته‌حقیقی لهگهڵکرابوو له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا دانی به‌وه‌دا نابوو که ئه‌و پێشمه‌رگه بووه. ئه‌و به ئه‌فسه‌ره‌که‌ی گوت: (له‌مه زیاتر چیمان لێده‌که‌ن؟) چونکه ئه‌و مێرده‌که‌ی کوژرابوو و منداڵه‌کانیشی له زینداندا مردبوون. به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که له وه‌ڵامدا گوتبووی: (له‌مه‌ش خرابتر هه‌یه) و به‌مه‌ش مه‌به‌ستی مه‌رگ نه‌بوو. له راستیدا، به‌داخێکی زۆره‌وه، ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه که وا له ژنێک ده‌کات خۆزگه به مه‌رگ بخوازێت. ده‌ستدرێژی جنسی له مه‌رگ خرابتر نیه به‌ڵام ئه‌وه ئاکامه کۆمهڵایهتیهکانێتی که وا له ژن ده‌کات مه‌رگی پێ باشتر بێت. له کۆمه‌ڵگا باوکسالاریهکانی وه‌ک بۆسنه و رواندا (که به پێچه‌وانه‌ی ئه‌نفاله‌وه ده‌ستدرێژی جنسی به‌شێوه‌یه‌کی بهربڵاوو وه‌ک ئامرازێکی جینۆساید تیایاندا به‌کارهات) ئه‌و ژنانه‌ی ناسراون به‌وه‌ی ده‌ستدرێژیان کراوه‌ته سه‌ر له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه به‌چاوی سووک سه‌یرده‌کرێن و ناتوانن ژیانێکی نوێ ده‌ستپێبکه‌نه‌وه هه‌ربۆیه ئه‌م کێشه‌یه بۆ ئه‌وان زۆر قورستره له ژنانی تر له‌به‌شه‌کانی تری جیهاندا. بۆ نموونه ئه‌و ژنه رۆژئاواییانه‌ی که له‌کاتی ئاشتیدا ده‌ستدرێژی جنسیان کراوه‌ته سه‌ر ئاسانتر ده‌توانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌زموونه تاڵه‌دا بکه‌ن و نه‌هێڵن ببێته ناسنامه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌وان (ئه‌وان نابنه ژنێک که هه‌موو شوناسی بۆته 'ژنێکی ده‌ستدرێژی لێکراو') و سه‌ره‌نجام خۆشحاڵن به‌وه‌ی که له‌ژیاندا ماون. هه‌موو ئه‌مانه‌ش په‌یوه‌ندی به پشتگیری کۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه بۆ ئه‌وان و ئه‌و هه‌موو یارمه‌تی و هاوکاریه‌ی که ده‌توانن ده‌ستیان پێیدا بگات. له‌لایه‌کی تره‌وه له کۆمه‌ڵگای باوکسالاری‌دا ئه‌وانه‌ی که ده‌ستدرێژیان کراوه‌ته سه‌ر هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیشارنه‌وه. قورسایی ئه‌م بێده‌نگی و ترسه‌ش ده‌ره‌نجامی تری هه‌یه بۆ سه‌ر باری ده‌روونی ژنان. له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ئه‌وه ژنه که ده‌بێت به‌رپرسیاری قبوڵکات بۆ تاوانه‌کانی پیاو، ئه‌وه ژنه که باجی بوونه قوربانیی ده‌دات. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا بۆم ده‌رکه‌وت که ئه‌و ژنانه‌ی به‌م ئه‌زموونه تاڵه‌دا رۆیشتوون هه‌ندێک جار به‌دناو ده‌کرێن (له کاتێکدا ئه‌وان چ ده‌سه‌ڵاتێکیان نه‌بووه تا به‌رگری له‌خۆیان بکه‌ن)، زۆرجار به تاوانبار ده‌زانرێن چونکه دووچاری ئه‌م کێشهیهبوون، هه‌ندێکیان ناچاربوون له شوێنێکه‌وه بگوێزنه‌وه بۆ شوێنێکی تر که که‌س نه‌یانناسێ، هه‌ندێک منداڵیان لێ سه‌نراوه‌ته‌وه چونکه کۆمه‌ڵگا پێی وایه ئه‌وان ناتوانن دایكێکی باش بن، هه‌ندێكیشیان له‌لایه‌ن خێزان و که‌سه‌کانیانه‌وه کوژراون. کچه باکیرهکان که ده‌ستدرێژیان لێکراوه نا‌وێرن شووبکه‌ن تا نهێنیه‌که‌یان ده‌رنه‌که‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ش کۆمه‌ڵگای کوردی زۆر ئاسان میکانیزمی توندوی تیژی و چه‌وسانه‌وه‌ی دوژمن دوباره ده‌کاته‌وه، له‌جیاتی هاوکاری و یارمه‌تی جارێکی تر ده‌ربازبووان ده‌کاته‌وه قوربانی و هه‌مان بازنه‌ی وێرانکاری، بێبه‌زه‌ییبوون و دڕنده‌یی دوباره‌ده‌کاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ کردن ئاماده نه‌بوون باسی ئه‌م کێشه‌یه بکه‌ن. هه‌ندێکیان به‌توندی ئه‌گه‌ریی روودانی ئه‌م گرفته‌یان ره‌د ده‌کرده‌وه له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کا خۆشیان به یه‌کێک له‌و ژنانه بزانرێن. هه‌ندێکیان ئاماده بوون بڵێن که ده‌کرێت شتی وا روویدابێت به‌ڵام نه بینیویانه و نه بیستویانه. ئه‌م کێشانه هه‌رگیز به‌سه‌ر خۆیان و خزم و که‌س و ناسیاوهکانیاندا نه‌هاتووه. پیاوێکی خوێنده‌وار که زۆر داکۆکی له مافی ئه‌نفاله‌کان ده‌کات به منی گوت که باسکردنی ئه‌زموون و کێشه تایبه‌تیه‌کانی ژنان، به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی ده‌ستدرێژیی جنسیی، چ سوودێک به‌م ژنانه ناگه‌یه‌نێت: (برینیان مهکولێنهرهوه) ئه‌و پێی وتم، (گه‌ر ده‌ته‌وێ یارمه‌تیان بده‌ی باسی شتێک مه‌که که ده‌بێته مایه‌ی بهدناوبوونیان.) من کێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌م لۆژیکه هه‌یه که پێی وایه بێده‌نگ بوون له ئاست کڵۆڵیهکانی ئافره‌تاندا به قازانجی ئه‌وانه، کێشه‌م له‌گه‌ڵ که‌لتوورێکدا هه‌یه که به بێده‌نگ بوون له ئاست ئه‌م تاوانه‌دا له‌گه‌ڵ تاوانباردا ده‌بێته شه‌ریک، کێشه‌م هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی که له‌جیاتی ئه‌وه‌ی باوه‌ش بۆ قوربانیه‌کان بگرێته‌وه‌و پێیان بڵێت که ئه‌وان چ تاوانێکیان نه‌کردوه به‌ڵکوو تاوانیان به‌رامبه‌ر کراوه به‌پێچه‌وانه‌وه تاوانه‌که ده‌خاته سه‌ر قوربانیه‌کان که چ ده‌سه‌ڵاتێکیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا نه‌بووه. ئاشکراکردنی راستیه‌کان ده‌بێت ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه زیاتر له‌و گرفتانه تێبگه‌ین که ئه‌نفال له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا دروستیکرد، زیاتر رێز له‌و که‌سانه بگرین که له ئه‌نفال ده‌ربازبوون و یارمه‌تیان بده‌ین نه‌ک ناچاریانکهین که بێده‌نگ بن. دووهه‌م: کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی وه‌ک کۆمه‌ڵێک قوربانی سه‌یری ژنانی ئه‌نفال ده‌کات. میدیای کوردیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه نوێنه‌رایه‌تیان ده‌کات. بۆ نموونه وێنه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی ژنانی ئه‌نفال له ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا وێنه‌ی ژنێکه که بۆ منداڵه مردووکانی دهلاوێنێتهوهو ده‌گریی. ڤینا داس (1997:68) که باسی تهقسیی تاسه‌باریی ده‌کات لای ژنانی هیندیی ده‌ڵێت که خه‌م له‌جه‌سته‌دا ره‌نگده‌داته‌وه کاتێک ژنان له‌خۆیان ده‌ده‌ن و ئازاری خۆیان ده‌ده‌ن و له زمانیشدا جێگه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه له کاتی لاواندنه‌وه‌دا. به‌هه‌مان شێوه وێنه‌ی ژنانی ئه‌نفال که له‌خۆیان ده‌ده‌ن و ده‌لاوێننه‌وه بۆته وێنه‌ی زاڵی ئه‌م ئافره‌تانه، وێنه‌یه‌ک که‌زۆرجار ناچارکراون له کاتی یادی ئه‌نفالدا دوباره بهرههمیبهێننهوه کاتێک رۆژنامه‌نووس و جۆرناڵیستهکان بیری ژنانی ئه‌نفالیان دێته‌وه‌و ده‌یانه‌وێ دۆکیومێنته‌ریی دڵته‌زێن دروستکه‌ن. ئه‌م وێنانه زۆرجار له‌لایه‌ن میدیای کوردستانه‌وه به‌کارهاتوون تا ترسناکیی ئه‌نفالمان بیربێننهوهو هه‌ندێ جاریش ئه‌وه‌نده دوبارهکراونهتهوه سلاک بوون و چ کاریگهرێکیان نه‌ماوه. به‌ڵام ئه‌م وێنانه له‌لایه‌ن حکومه‌تی کوردستانیشه‌وه به‌کارهاتوون له‌کاتی دهنگدانهکانداو هێوورکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌گله‌یی له حکومه‌تی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ی بیریان نه‌چێت که ئه‌وان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تێكی غه‌یره-کورددا چیان به‌سه‌رهاتوه، تا ده‌نگ بده‌ن به حکومه‌تی کوردستان و تا ئه‌وه‌نده‌ش به گله‌یی نه‌بن چونکه دواجار له‌گه‌ڵ هه‌موو کهموکوڕیهکانیدا حکومه‌تی کوردستان ئه‌نفالی خه‌ڵک ناکات. له ساڵانی رابوردوودا ئه‌م چاوه‌ڕوانیه له ده‌ربازبوانی ئه‌نفال که باسی ئه‌نفال بکه‌ن، له‌خۆیان بده‌ن و بگرین، بۆته جۆرێک له به‌کارهێنانی ئه‌و خه‌ڵکه (سوء ئیستیفادهکردن) له‌لایه‌ن ئه‌و جۆرناڵیستانهوه که ده‌یانه‌وێ به‌رنامه‌ی هه‌ژێنه‌ر دروستبکه‌ن و له‌لایه‌ن سیاسیه‌کانه‌وه که ئه‌نفالیان وه‌ک کارتی دانوستاندن به‌کارهێناوه له‌کاتی گفتۆگۆکانیدا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌غداد. به‌داخه‌وه هه‌ندێک ژۆرنالیست به‌شێوه‌یه‌کی نابه‌رپرسیارانه چیرۆکی ئه‌م ژنانه‌یان به‌کارهێناوه به‌بێ گوێدان به ته‌ندروستی، ره‌زامه‌ندی و هه‌سته‌کانی ئه‌وان. له دووز ژنێکی گه‌نج و دایکی به تووڕه‌ییه‌وه پێشوازیان له من کرد. پێشتر له ساڵی 2002دا ژۆرنالێستێکی ته‌له‌فزیۆنی چووبوو تا چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات. ئه‌وان پێێان گوتبوو که نا‌وێرن قسه بکه‌ن چونکه هێشتا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددامدا ده‌ژین. ئه‌و دڵنیای کردبوونه‌وه که ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه ته‌نها بۆ ئه‌رشیفه‌وه بڵاوناکرێته‌وه که‌چێ 2 هه‌فته دواتر چاوپێکه‌وتنه‌کان له که‌ناڵێكی سه‌ته‌لایته‌وه پهخشکرابوونهوهو ئه‌م دوو ژنه ناچاربووبوون له ترسا خۆیان بشارنه‌وه. بێگومان ئه‌وان متمانه‌یان به هیچ که‌سێکی کامێرا به‌ده‌ست یا لێکۆڵه‌ر نه‌مابوو و بێئه‌ندازه بریندار‌و تووڕه بوون. جگه له‌مه‌ش له‌رووی ده‌روونیه‌وه تێڕواننی خه‌ڵک بۆ خود کاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر باوه‌ڕبه‌خۆبوونی تاکه‌که‌س. به واتایه‌کی تر سه‌یرکردنی ئه‌م ژنانه وه‌ک کۆمه‌ڵێك قوربانی بێده‌سه‌ڵات و لاواز هه‌ندێک جار ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش به‌و شێوه‌یه له خۆیان بڕوانن و خۆیان به‌که‌م بزانن. باوه‌ڕ به‌خۆ نه‌بوون و نه‌زانینی بایه‌خی خۆمان له ژیاندا یه‌کێکه له هۆکاره‌کانی خه‌مۆکی. وه‌ک پێشتر باسم کرد زۆر گرنگه که ئێمه لایه‌نه به‌هێزو کارامه‌یه‌کانی ئافره‌تانی ئه‌نفالمان له‌بیر بێت. چونکه ئه‌وان سه‌ره‌ڕای هه‌موو کێشه‌کانیان کۆمه‌ڵێک که‌سی سه‌رکه‌وتوو و خۆڕاگرن، کۆمه‌ڵێک قاره‌مانی ونی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ن. ئه‌و که‌سانه‌ن که گه‌رچی هه‌موو شته‌کانیان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه به‌ڵام توانیویانه جارێکی تر ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه ده‌ست، کار بکه‌ن و سه‌رله‌نوێ ژیانێکی تازه بۆ خۆیان و منداڵه‌کانیان دروستبکه‌نه‌وه (گه‌رچی ئه‌م ژیانه زۆر سه‌ختیش بووبێت). تۆ وه‌ک توێژه‌رێک پێتوتین که باری ده‌روونی ئه‌و ژنانه زۆر تێکچووه، به‌ڕای تۆ چه‌ی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی باری ده‌روونیان ئاسایی بکرێته‌وه؟ زۆر گرنگه که له‌یادمان بێت که باری ده‌روونی که‌سه‌کان ته‌نها به دابینکردنی پسپۆری ده‌روونی و ده‌رمان چاره‌سه‌ر نابێت. سۆلیگمان له حه‌فتاکاندا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات کرده‌وه له ژیانی مرۆڤدا. ئه‌و له ئه‌نجامی کۆمه‌ڵێک تاقیکردنه‌وه‌وه بۆی ده‌رکه‌وت که مرۆڤه‌کان کاتێک ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی بارودۆخێکی ناهه‌موار و ده‌سه‌ڵاتیان لێده‌سه‌نرێته‌وه به‌جۆرێک که ناتوانن ئه‌م بارودۆخه ناهه‌مواره بگۆڕن فێرده‌بن که ئه‌وان هه‌ر کارێک بکه‌ن ئه‌م باروودۆخه ناگۆڕیت بۆیه تووشی پاسیڤیهک ده‌بن که هاوتایه له‌گه‌ڵ خه‌مۆکی. سۆلیگمان ئه‌م بارودۆخه‌ی ناو نا فێربوونی بێده‌سه‌ڵاتی (learned helplessness). مه‌یه‌ر (2000) باس له‌وه ده‌کات که ئه‌م تیۆریه بووه هۆی هاتنه کایه‌ی قوتابخانه‌یه‌کی تری ده‌روونناسی به ناوی ده‌روونناسی پۆزه‌تیڤ (positive psychology). به‌م پێیه هه‌ندێک ده‌روونناس پێیان وابوو که گه‌ر خه‌مۆکی له ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه دروستده‌بێت که تاکه‌که‌س به نائومێدیه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری بارودۆخی ناهه‌موار ئه‌وا ده‌شێت بتوانین وا له تاکه‌که‌سی خه‌مۆک بکه‌ین پۆزوتیڤ بیربکاته‌وه‌و هیوا له‌ده‌ست نه‌دات که ئه‌م بارودۆخه ناهه‌مواره ته‌نها کاتیه. مه‌یه‌ر به زیره‌کیه‌وه بیرمان دێنێته‌وه که ئه‌م جۆره تێڕوانینه ساویلکه‌یه چونکه بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک له خه‌مۆکی رزگاری بێت ده‌بێت نه‌ک تێڕوانینی ئه‌و به‌رامبه‌ر به بارودۆخه ناهه‌مواره‌که به‌ڵکوو خودی بارودۆخه‌که بگۆڕین. ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌وه ناڕه‌وایه که به‌و که‌سانه بڵێین که ئه‌زموونی جه‌نگ و کێشه‌ی گه‌وره‌ی رۆژانه ده‌که‌ن که خۆشبین بن چونکه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بتوانن خۆشبین بن پێویسته کێشه‌کان چاره‌سه‌ربکه‌ین. به واتایه‌کی تر نائومێدبوون و بێهیوای ئاکامی لۆژیکیی بارودۆخه دژوارهکانن. به هه‌مان شێوه کاتێک توندوتیژیی سیاسی به‌ربڵاو له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کدا رووده‌دات که سه‌رله‌به‌ری کۆمه‌ڵگاکه لێکهه‌ڵده‌وه‌شێنێت، خێزانه‌کان پارچه پارچه ده‌کات و ده‌بێته مایه‌ی به‌جێهێشتنی هه‌زاران بێوه‌ژن و منداڵی بێ باوک و له‌ده‌ستچوونی ماڵ و داهاتیان، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه پێویستی به دابینکردنی کۆمه‌ڵێك ههلو مه‌رجه تا پرۆسه‌ی سارێژبوونه‌وه ده‌ستپێبکات. ته‌نها به دابینکردنی کۆمه‌ڵێک دوکتۆری ده‌روونی و قسه‌کردن کێشه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌و له ئه‌نجامیشدا کێشه ده‌روونیه‌کانی تاکه‌که‌سه‌کان چاره‌سه‌ر نابێت. ده‌روونناسه‌کان له‌م بیست ساڵی رابوردوودا تا دێت زیاتر باسی گرنگی چاره‌سه‌ری سه‌رتاسه‌ری ده‌که‌ن (holistic approach). به‌م جۆره بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی ده‌روونی که‌سێک چاره‌سه‌ر بکه‌ین ده‌بێت بزانین هۆکاره‌که‌ی چیه‌و هۆکاره‌که‌ی چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ره‌نگه له هه‌موو شتێک گرنگتر بۆ ده‌ربازبوانی ئه‌نفال دابینکردنی پێداویستیه سه‌ره‌کیه‌کانی ژیان بێت وه‌ک خانوو، کار‌و داهات، خزمه‌تگوزری رۆژانه (ئاو، کاره‌با، سووته‌مه‌نی، شه‌قام و گه‌ڕه‌کی خاوێن، قوتابخانه، هتد) و ده‌ستگه‌یشتن به پێداویستیه پزیشکیه‌کاندا، به‌ڵام جگه له‌مه‌ش ئه‌م کۆمه‌ڵگایه پێویستی به دادوه‌ری هه‌یه. دادوه‌ریش کۆمه‌ڵێک شت ده‌گرێته‌وه له دۆزینه‌وه‌ی جه‌سته‌ی قوربانیه‌کانی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه یا هیچ نه‌بێت زانیاری سه‌باره‌ت به چاره‌نوسیان، تا داننران به‌و ناره‌وایی و ناعه‌داله‌تیه‌ی که به‌سه‌ر ئه‌واندا هاتووه‌و داوای لێبوردن کردنی لایه‌نێکی فه‌رمی و سه‌ره‌نجامیش سزادانی تاوانباران جا ئه‌وانه کورد بووبن یا عه‌ره‌ب. به‌شێكی زۆری ده‌ربازبووانی ئه‌نفال له هه‌ژارترین شوێنه‌کان ده‌ژین. سه‌ردانێکی خێرای شوێنێکی وه‌ک شۆڕش هه‌ر زوو پێمانده‌ڵێت که ئه‌م شوێنه نه‌ک هه‌ر رێگه‌وبانی رێک‌وپێکی نیه به‌ڵکوو هه‌موو شتێک له‌م شارۆچکه‌یه باس له هه‌ژاری و نه‌هامه‌تی ده‌کات. سه‌ره‌ڕای دروستبوونه‌وه‌ی به‌شێکی زۆری گونده‌کانیش که‌موکووڕی زۆریان هه‌یه له‌لایه‌نی خزمه‌تگوزاری و نه‌بوونی بازاڕه‌وه که رێگه له ژیانه‌وه‌ی کشتوکاڵ و دروستبوونی ده‌رفه‌تی کار له‌م ناوچانه ده‌گرێت. منداڵانی ده‌ربازبووی ئه‌نفال که له‌به‌ر کارکردن له ته‌مه‌نێکی منداڵه‌وه بۆ دابینکردنی پێداویستیه رۆژانه‌ییه‌کانی خۆیان و خێزانه‌کانیان (شتێک که ده‌بوایه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه حکوومه‌ت بیگرتایه ئه‌ستۆی خۆی) نه‌یانتوانیوه بخوێنن ئێسته که‌م دهرامهتترین کاره‌کانی وڵات ئه‌نجام ده‌ده‌ن. جگه له‌مه‌ش هێشتا پرۆسه‌ی دادوه‌ریی ده‌ستیپێنه‌کردوه. ئه‌وه راسته که عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ئێسته دادگایی ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌نفال به‌ڵام سه‌ددام حسێن پێش کۆتایی ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌ڵواسراو جاشه‌کان، جه‌نراڵه‌کانی جه‌نگ و ئه‌و که‌سانی کیمیاباران و تۆپبارانی ئه‌م گوندانه‌یان کرد هه‌ر باس ناکرێن. هه‌موو ئه‌مانه‌ش بوونه‌ته هۆی ناره‌زاییه‌کی زۆر و هه‌ستکردن به ناعه‌داله‌تی له‌ناو خه‌ڵکانی ئه‌نفالدا. ئه‌م تووڕه‌یی و نائومێدیه‌ش ته‌نها درێژه به بازنه‌کانی نائارامی ده‌دات و شتێکه که ده‌بێت حکوومه‌تی کوردستان گرنگی پێبدات و هه‌وڵی راستکردنه‌وه‌ی بدات. به حوکمی ئه‌وه‌ی تۆ له هه‌نده‌ران داده‌نیشیت توانیوته یان ده‌ته‌وێت له‌ڕێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی له‌مجۆره‌وه کاره‌ساتی ئه‌نفال وه‌کو ئه‌وه‌ی که هه‌بووه بیناسێنیت؟ ئه‌وه زۆر گرنگه که له‌یادمان نه‌چێت تاکه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ته‌نها توانایه‌کی سنوورداری هه‌یه. به‌ڵام له وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌تاندا ده‌مه‌وێت بڵیم که به‌ڵێ، من هه‌وڵم داوه له ڕێی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌و هه‌ندێک شیعره‌وه شوێنگه‌یه‌ک بۆ کاره‌ساتی ئه‌نفال له ده‌ره‌وه‌ی وڵات دروستبکه‌م. بێگومان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو بناسرێت پێویستمان به چه‌ندین لێکۆڵێنه‌وه‌و رۆمان و فلیم هه‌یه به‌ڵام ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی من ره‌نگه هه‌نگاوێک بێت له‌و بواره‌دا. له ئێسته‌دا کۆمه‌ڵێک ئه‌کادیمی کورد هه‌ن که لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نفال ده‌که‌ن. هیوادارم ئه‌م کارانه هه‌مووی به ئه‌نجام بگات و کۆمه‌ڵێک کتێب و بڵاوکراوه‌ی لێ بکه‌وێته‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا به‌شداریم له چه‌ند کۆنفرانسێکدا کرد له ئۆپسالا، ئۆسلۆو ئه‌مستردام و دواتریش له سهرهیڤۆو هه‌وڵم داوه هه‌ندێک له ئاکامه‌کانی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له بازنه ئه‌کادیمیه‌کاندا بخه‌مه‌ڕوو. ئـێمه به‌رده‌وام پێویستمان به خوێندنه‌وه‌ی نوێ و کاری زیاتر هه‌یه ده‌نا هه‌ر ده‌بێت چیرۆکه‌کانی خۆمان له‌ناو خۆماندا دوباره بکه‌ینه‌وه‌و تووڕه‌ش بین که جیهانی ده‌ره‌وه باسمان ناکات. بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی ده‌ره‌وه له تێروانین، گۆشه‌نیگاو بریاره‌کانی ئێمه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک تێبگات، پێویستی به‌وه‌یه له‌گه‌ڵ مێژوو‌و کاره‌ساته‌کانی ئێمه ئاشنا بێت.
|